گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا دەربارەی ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکانیان بەردەوامە
وتەبێژی حکومەتی ئێران لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە تاران، باسی لە ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی ئەو بەندکراوانەی هاوڵاتی ئێرانین و لە ئەمریکا یان هەر وڵاتێكی دیکە بە فەرمانی ئەمریکا بەندکراون، لەگەڵ ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی لە ئێران بەند کراون، کرد، عەلی رەبیعی گوتی: ئێران ئاگاداری حکومەتی پێشووی ئەمریکای كردبووەوە کە وڵاتەكەی ئامادەیە ئەم کارە ئەنجام بدات، بەڵام ئەمریكا دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆی ڕەتکردەوە و سووربوو لەسەر بە بارمتە هێشتنەوەی ئێرانییەکان.
جێگەی باسە، لە ئەمریکا ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانی بەتۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیان زیندانیکراون، پێشتریش لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوان ئەنجام دراوە کە دوایین جار لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا بوو کە ئێران سەربازێکی پێشووی ئەمریکای لە بەرامبەر زانایەکی ئێرانی ئازاد کرد کە لە ئەمریکا زیندانی کرابوو.
