تا ئێستا تەرمی(86) كەس لە ژێر باڵەخانە داڕماوەكەی مەیامی دۆزراوەتەوە
دەسەڵاتدارانی ناوخۆی فلۆریدا لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی داڕمانی باڵەخانەکەی مەیامییەوە گیانیان لەدەستدا بۆ ٨٦ کەس بەرزبووەوە و تیمی فریاگوزاریش هێشتا سەرقاڵی گەڕانن بە دوای تەرمی دەیان کەسی دیکەدا کە بێ سەروشوێنن.
لەلای خۆشیەوە سەرۆکی شارەوانی مەیامی لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، كە لە ئەنجامی گەڕانی تیمەکانیان تەرمی ٦٢ کەسیان لە ژێردار و پەردوی باڵەخانە داڕماوەکە دۆزیوەتەوە، هاوکات ٤٣ کەسی دیکەش هێشتا بێ سەروشوێنن.
جێی وەبیر هێنانەوەیە لە ٢٤ حوزەیرانی ڕابردوودا بەشێک لە باڵەخانەی چاپلین تاوەر ساوس لە مەیامیی ئەمریکا کە لە ١٢ نهۆم پێکهاتبوو بەسەر دەریادا دەیڕوانی، داڕووخا و هەفتەی ڕابردووش ئەو بەشەی دیکەی باڵەخانەکەش ڕووخێنرا تاكو دەستی تیمەکانی فریاگوزاری بگاتە ئەو شوێنانەی بەهۆیەوە نەیاندەتوانی بەدوای کەسە بێ سەر و شوێنەکاندا بگەڕێن.
