ئیسرائیل: سوورین لەسەر ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
بێنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وڵاتەكەی ئاشكرای كرد كە : ئیسڕائیل بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتی ئێران و خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك ئامادە كردووە كە ئەگەر تاران نیازی ئەنجامدانی هەبێت دژی تەلئەبیب.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش كردووە كە تەلئەبیب سوورە لەسەر ئەوەی نەهێڵێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بۆ ئەم مەبەستەش بە هەموو توانایەكەوە كار بۆ ئەمە دەكات.
جەختیشی كردەوە كە بەرپرسانی ئێران باش لەوە دەگەن كە ئیسرائیل لە سەر خاکی وڵاتەکەیان چالاکی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە كە لە ماوەکانی رابردوودا بۆ چەند جارێك هێرشکراوەتە سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەم ووڵاتەش لەم هێرشانەدا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد، بەڵام تەلئەبیب بە هیچ شێوەیەك ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتیی ئەم كردەوەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
