ڕەوشی تەندروستیی سەرۆكی كۆریای باكوور نیگەرانی لێ دەكەوێتەوە

ڕەوشی تەندروستیی سەرۆكی كۆریای باكوور نیگەرانی لێ دەكەوێتەوە

 پێدەچێت ڕەوشی تەندروستیی سەرۆكی كۆریای باكوور كیم جوونگ ئوون مایەی نیگەرانیی زۆربەی هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە بێت، لە ڕاپرسی و دیدارێكی تەلەفزیۆنی فەرمیی کۆریای باکووردا هاتووە كە لە دواجار دەركەوتنی سەرۆكی ناوبراو هاووڵاتیان بینیویانە كە زۆر لاوازبووەو كێشی لەشی دابەزیوە.

كیم جوونگ ئون لە کۆبوونەوەی گشتیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداردا وتارێكی خوێندەوە و سەرنجی ئامادەبووانی بۆ خۆی ڕاكێشا، ئامادەبووان تێبینییان كردووە كە زۆر لاوازبووەو كێشی لە كێشی سروشتیی خۆی كەمتر دەركەوتووە، بەڵام هەمان تەلەفزیۆن بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بە ڕەوشی تەندروستی سەرۆكی كۆریای باكوور نەكردووە.

بەپێی هەندێ ڕاپۆرت كە بەم دواییە ئاماژەیان بە كێشی كیم جوونگ ئوون كردووە، ڕوونیان كردووەتەوە كە پێشتر کێشی ناوبراو  نزیكەی 140 کیلۆگرام بووە، بەڵام لەم داواییەدا 20 كیلۆگرامی لە کێشی داگرتووە، بەڵام هیچ دەزگایەکی فەرمی ئەو وڵاتەش ئاماژەی بە هۆکاری دابەزینی کێشی نەکردووە.

جێگەی باسە پێشتر زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی بۆ چەند جارێك هەواڵیان بڵاوكردووەتەوە سەبارەت بە ناجێگیریی و تێکچوونی دۆخی تەندروستیی کیم جوونگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور بێ ئەوەی هیچ دەزگایەکی فەرمیی كۆریای باكوور ئەم هەواڵانە پشت ڕاست بكاتەوە.

Top