واشنتۆن: سەرۆكی تازەی ئێران كاریگەریی نابێت بۆسەر هەڵوێستمان بەرانبەر ئێران
بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند كە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ڕووی وتوێژەكانی تایبەت بە ئەتۆمیی ئێران بە هاتنی سەرۆكێكی تازە بۆ ئێران كاریگەریی نابێت.
ئەم بەرپرسە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوەكەی بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە هەوڵ دەدەین ڕێككەوتنێك بە ڕێگای دیبلۆماسی دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بێنینە دی، بە چاوپۆشی لەوەی كێ لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدایە.
لەو لێدوانەی كە ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، بەرپرسەكە ئاماژەی بەوە كردبوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە وتوێژەكانی لەگەڵ ئێران تایبەت بەم كەیسە هەر بەردەوام دەبێت، تا دەگەنە ڕێككەوتنێكی گونجاو.
هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، دەشڵێت تا ئێستا هەر خەریكی ئەم هەنگاوەین و گەڕانەوەش بۆ ڕێككەوتنی پێشوو دەستپێكی ئەم وتوێژانە دەبێت.
جێگەی باسە لە ساڵی 2015 ئێران ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ زلهێزەكان واژۆ كردبوو بۆ دانانی سنوورێك بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەبەرانبەر هەڵگرتنی سزاكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر تاران. بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ساڵی 2018 لێی كشایەوە و جارێكی دیكە سزا قورسەكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئێستاش جۆبایدن سەرۆكی تازە دەیەوێت ئەم ڕێككەوتنە زیندوو بكاتەوە.
گوڵان بەهادین جەلال
