ئەمریكا ٥٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ وڵاتان دەنێرێت
کۆشکی سپیی ئەمریكی لە ڕاگەیاندنێكدا ڕوونی كردەوە كە حکومەتی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە ئێستادا پلانێکی لەبەر دەستدایە تایبەت بە دابینکردنی ٥٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ رێگەگرتن لەکۆڤید - ١٩ لەسەر ئاستی جیهان.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە كە هەر یەك لە فەڵەستین و عێراق و کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین و ئۆکرانیای لە دابینكردنی ئەو ٥٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسیەنە سوودمەند دەبن.
كۆشكی سپیی ئەمریكا دووپاتیشی كردەوە كە نزیکەی ٤١ ملیۆن ژەم، بۆ بەرنامەی ڤاکسینی جیهانی (کۆڤاکس) تەرخان دەکرێت، کە نزیکەی ١٤ ملیۆن ژەمی بۆ ئەمریکای لاتین و کاریبی، نزیکەی ١٦ ملیۆنی بۆ ئاسیا و ١٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینیش بۆ وڵاتانى ئەفریقا دەبێت.
هەر بەپێی ئەم پلانەی بایدن سەبارەت بە دابینکردنی ٨٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین بۆ سەرتاسەری جیهان و لەم مانگەشدا، ٢٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسین دابیندەکەن.
شایانی باسە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، دەوڵەتانی جیهان كەوتنەخۆو رێکاری توندیان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتەبەر، بەڵام دوای بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا رێکارەکان هەنگاو بە هەنگاو ئاسایی کرانەوە، سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدنیش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسی لە دابینکردنی ڤاکسینی بۆ تەواوی جیهان دەکرد، بۆیە دابینکردنی ڤاکسینیش لە ئێستادا لەلایەن ئەمریکاوە بەدی هێنانی ئەم بەڵێنەیە.
