پێشبینی دەكرێت بایدن زیاتر لە ئیسڕائیل نزیك ببێتەوە

پێشبینی دەكرێت بایدن زیاتر لە ئیسڕائیل نزیك ببێتەوە

 

بەرپرسێكی مەدەنی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاشكرای كرد كە سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل (نفتالی بینیت) لەگەڵ بایدن كۆكە بەوەی  پێویستە پەیوەندییەكانی ئیسڕائیل – ئەمریكا كاراتر بكرێت، ئاماژەشی بەوە كرد كە پێشبینی دەكرێت كە سەرۆك بایدن زیاتر لە ئیسڕائیل نزیك ببێتەوە، بە تایبەتیش لە بواری دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران.

بەرپرسە ئەمریكییەكە بە سكای نیوزی ڕاگەیاندووە، كە ئەم پەیوەندییانەی ئێستای ئیسڕائیل لەگەڵ ئەمریكا، جیاوازتر دەبێت لەگەڵ سەردەمی بنیامین نەتانیاهۆ، چونكە هەر دوو لا كۆكن لەسەر ئەوەی كە تاران مەترسییە بۆ سەر هەموو لایەك كاتێ هەوڵ دەدات چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. بەڵام(بینیت) قەناعەتی جیاوازەو پێی وایە دەبێ پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا كارتر بن.

ئەو بەرپرسە ئەمریكییە دەشڵێت گفتوگۆكانی سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسڕائیل جەنەرال ئەفیف كوخافی لەگەڵ سەركردەكانی بنتاگۆن، لە سەرووشیانەوە سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێرزە هاوبەشەكان جەنەرال مارك میلی، نزیكتر بوون لەو سەردانانەی پێشوو كە سەرۆك ئەركانەكانی ئیسڕائیل بۆ واشنتۆن ئەنجامیان دەدا، كە زیاتر تایبەت بوون بە باسكردنی هەڕەشەكانی ئێران و پشتگیری كردنی بۆ گرووپە تیرۆریستەكان لە ناوچەكەدا.

بەرپرسە مەدەنییەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا جەخت لەوە دەكاتەوە كە بایدن نایەوێت مەترسییەكانی مووشەكە بالیستییەكانی ئێران پشتگوێ بخرێن، بەڵام دەبێ بەپێی ستراتیجییەتی هەنگاوە بچووكەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

 

Top