سەرۆكی بەرازیل سزا ده‌درێت به‌ هۆی نەبەستنی دەمامك

سەرۆكی بەرازیل سزا ده‌درێت به‌ هۆی نەبەستنی دەمامك

به‌ هۆی نەبەستنی دەمامك و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی، سەرۆكی بەرازیل بە بڕى 108 دۆلار سزای دارایی درا.
جاییر پۆلسۆنارۆ سەرۆكی بەرازیل پاش بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەیەكی ماتۆڕسواران لە ویلایەتی ساوپاولۆ كه‌ هەزاران كەس لە ماتۆڕسواران ڕۆژی رابردوو بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەدا كرد، سەرۆكایەتيی ڕێڕۆیشتنەكەیانی كرد بە لەسەركردنی كڵاوی تایبەت و بەبێ پۆشینی دەمامك، ئەمەش بە پێشێلكردنی یاساكانی ویلایەتەكە ناوبرا. بۆيه‌ سزا درا.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ساوپاولۆ ئاشكرایان كرد، سزاكە بۆ سەر هەریەك لە پۆلسۆنارۆ و ئەدواردۆ-ی كوڕی و ئەندامێكی كۆنگرێس و تارسیسیۆ گۆمیز وەزیری ژێرخان بووە بە بڕی 108 دۆلار بۆ هەر یەكێكیان، بەهۆی نەبەستنی دەمامك و ڕێزنەگرتن لە ڕێوشوێنەكانی لێكدووركەوتنەوە.
پۆلسۆنارۆ، كە بانگەشەی بۆ كۆبوونەوە لە سەرجەم ناوچەكانی بەرازیل كرد وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی داهاتوو ئەو هۆشدارییەی پشتگوێخست، كە پێشتر لەلایەن جواو دوریا حاكمی ویلایەتی ساوپاولۆ، كە یەكێكە لە ڕكابەرە سیاسییەكانی، ئاراستەی كرا بەوەی سزای سەرۆك دەدەن، ئەگەر پابەندی یاساكانی ویلایەتەكە نەبێت. پێشتر سەرۆكی وڵات چەندین جار ناڕەزایی بەرامبەر حاكمی ساوپاولۆ و حاكمی ویلایەتەكانی دیكە دەربڕیوە دەربارەی ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە كۆرۆنا، كە تائێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی 485 هەزار كەس لە بەرازیل.

Top