جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان: لەم خولەدا کۆمەڵێک پڕۆژەیاساى گرنگ پەسەند دەکەین

 جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان: لەم خولەدا کۆمەڵێک پڕۆژەیاساى گرنگ پەسەند دەکەین


جێگری سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕای گەیاند، کە لەم خولى بەهارەیەدا پەرلەمانى کوردستان گفتوگۆ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک دەکات، کە سەرجەمییان لەداواکارییە هەرەگرنگەکانن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1/3/2021، لە ڕێوڕه‌سمى 42ـه‌مین ساڵیادى کۆچی دوایی بارزانیى نه‌مر، ڕابه‌ری بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد، لە پەرلەمانى کوردستان، کە سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان ڕێكی خستبوو، هێمن هەورامى، جێگری سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن ڕای گه‌یاند: ئەمڕۆ لە پەرلەمانى کوردستان ساڵیادى کۆچی دوایی بارزانى نەمر و باوکى ڕۆحى نەتەوەیی کوردمان کردەوە، ئەو سەرکردەیەی کە رابەرایەتیی درێژترین شۆڕشی لە مێژووى نەتەوەکەمان کردووە، بۆیە چەپکە گوڵمان پێشکەش بە رۆحى ئەو سەرکردەیە کرد و سەرى ڕێزمان بۆ دانەواند، هەروەها سڵاومان بۆ گیانى شەهیدانى کوردستانیش نارد.

لەبارەى دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستان، کە ئەمڕۆ دەست پێدەکات جێگری سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان گوتى: ئەمڕۆ 1/3/2021 دانیشتنى ژمارە یه‌كى بەهارەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێدەکەین، کۆمەڵێک پڕۆژەیاساى زۆر گرنگ هەن، کە گفتوگۆیان لەسەر دەکەین، لەسەرووى هەموویانەوە پڕۆژەى یاساى بودجەیە، کە بنەماى چاکسازییە وەک ئەوەى کە یاساى چاکسازیمان کردە پێوەر بۆ لێپرسینەوە لە دام و دەزگاکانى حکوومەت، پڕۆژەى بودجەش بە پێی دۆسییەکانى نەوت و قەرزەکان و خەرجییەکان بنەمایەکى دیکەى گرنگى چاکسازى دەبێت.

گوتیشی: بەپێی زانیارییەکانى ئێمە 80%ـی زیاترى پڕۆژەى بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن دام و دەزگا و وەزارەتەکانەوە ئامادەکارى کراوە و لە ئایندەیەکى نزیکدا دەگاتە پەرلەمانى کوردستان.





باسنيوز
Top