کەرکووک؛ قەدەخەی هاتووچۆ کاریگەریی لەسەر بژێویی خەڵک دروستکردووە

کەرکووک؛ قەدەخەی هاتووچۆ کاریگەریی لەسەر بژێویی خەڵک دروستکردووە
ئەکرەم سەکران ماوەی سێ رۆژە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە لە شوێنی کارەکەی گیریخواردووە، نە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵ کە لە ناحیەی لەیلان دەژی، نە قەدەخەی هاتووچۆ رێگەدەدات کاری خۆی بکات.

ئەکرەم سەکران کە کاسبکارە، باس لەوە دەکات "چوار رۆژ، سێ رۆژ قەدەخەی هاتووچۆیە، من ناتوانم بڕۆمەوە ماڵ و لێرە دەمێنمەوە، هەر لێرە دەخەوم، دواتر دەڕۆمەوە ماڵ، لەپێشم دوو بازگە هەیە ناهێڵن، ئیش و کار نەماوە و وەستاوە، ئەم سێ رۆژە زیانی هەیە".

قەدەخەی هاتووچۆی مەرجدار کە سێ رۆژی 24 کاژێری جێبەجێ دەکرێت و لەو چەند رۆژەدا تەواوی دووکاندار و کاسبکاران بێکار دەبن، زیانێکی زۆری دارایی بە خەڵک گەیاندووە، تەنیا لەم بازاڕە 500 دووکان کە کاسبکاران بە کرێ تێیدان، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

دووکاندارێک بەناوی ئەحمەد رەشید دەڵێت "زیانێکی زۆری هەیە، کرێمان لەسەرە، هەمووی خەرجییە لەسەرمان. کاسبکارێکی دیکەش بەناوی محەممەد نەجمەدین باس لەوە دەکات "دووکانەکان هەموویان داخراون، خەڵک نان نییە بیخوات، هەمووی لە ماڵەوە کەوتووە".

بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری شانەی قەیرانەکان، هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە؛ هێزە ئەمنییەکان کە فەرمانی حکومەت و لایەنی تەندروستی جێبەجێ دەکەن، بە دانانی بازگە و گەڕانی مەیدانی دەیانەوێت خەڵک پابەندبکەن.

عەمید غالیب تەها، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئازادی دەڵێت "ئامانجی ئێمە لەوەی دەیکەین، بۆ ئەوەمانە خەڵک بەریەککەوتنی کەمبێت و زیانی نەبێت؛ ئەم کۆرۆنا زیانێکی گەورەی لە خەڵک داوە لە جیهاندا، نەک تەنها لە عێراق و کەرکووک".

شانەی قەیرانەکان لە کەرکووک دوای تاوتوێکردنی بڕیارەکانی بەغدا، کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی نوێ دەردەکەن لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆدا.

دلێر شوانی، ئەندامی شانەی قەیرانەکان ئاماژە بەوە دەکات "هەر کەسێک پابەندی بڕیارەکان نەبێت، کە لەلایەن لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی دەرچوون لە بەغدا، لەوانە نەبەستنی دەمامک و کۆبوونەوە و قەرەباڵخی دروستکردن و دروستکردنی بۆنەی گشتی و پرسە دانان و ئاهەنگ، تەواوی دەسەڵات دراوەتە لیژنەکان تاوەکو سزای سەرپێچیکار بدەن".

قەدەخەی هاتووچۆ بۆ ماوەی دوو هەفتە بڕیاری لەسەر دراوە، جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممە، کە قەدەخەی تەواوەتییە، رۆژەکانی دیکەی هەفتە قەدەخەی مەرجدار لە کاژێر 08:00ی شەو بەدواوە جێبەجێ دەکرێت".

لەوکاتەی قەدەخەی هاتووچۆ هەیە و خەڵک سەرپێچی دەکەن، سزای دارایی دەدرێن.
rudaw -
Top