سەرکردەیەکی یەکێتی لەبارەی هێرشكردنە سەر غالب محەمەد: كێ ناڵێ بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی و كەسی نەبووە؟

سەرکردەیەکی یەکێتی لەبارەی هێرشكردنە سەر غالب محەمەد: كێ ناڵێ بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی و كەسی نەبووە؟
ئەندامێكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕێت كە لە كاتێكدا غالب محەمەد ١٦ پاسەوانی هەیە، كەچی لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا بەر چەقۆ دراوە! سەركردەیەكی حزبەكەش بە ڕاشكاوی دەڵێت ”كێ ناڵێ كێشەی كۆمەڵایەتی نەبووە؟“.

شەوی ڕابردوو، غالب محەمەد رای گەیاند كە گوایە هێرشی كراوەتە سەر و چەند چەقۆیەكی بەر سەری كەوتووە بەڵام شوێنەواری هێرشەكە تەنیا برینپێچێكە! بەم هۆیەشەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاردانەوەی جۆراوجۆر دروست بوو.

لەمبارەیەوە شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە بەغدا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی: ”پێم سەیرە ١٦ پاسەوانت هەبێ و لەبەر ماڵەكەی خۆتدا بەر چەقۆ بدرێی!"

لە لایەن خۆشیەوە حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ھەرچەندە ئێوارەی دوێنێ بە چەقۆ ھێرش کراوەتە سەر دکتۆر غالب، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو ھێرشکردنە نەبووە و یەكێتی بێتاوانە، ئەوەشی یەکێتی تۆمەتبار بکات گوناحی دەگات“.

ئەو سەركردەیەی یەكێتییش باسی پاسەوانەكانی غالب محەمەد دەكات و ئاماژە بە ژمارەیەكی زیاتری پاسەوان دەدات بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی شوان داودی باسی كردبوو. مەسیفی دەڵێ: ”ئەو پەرلەمانتارە نزیكەی ١٨ پاسەوانی ھەیە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە ھیچ پاسەوانێکی لەگەڵدا نییە، نازانم پاسەوانەکانی ئیشیان چییە و بۆچی پارێزگاریی لێ ناکەن؟.

بە گوتەی حاجی مەسیفی: ”ئەگەر کەسێک ھەڕەشەی لەسەر بێت، یەکێتی ژیانی دەپاڕێزێ و پاسەوانیشی بۆ دابین دەکات، بەڵام دکتۆر غالب خۆی ١٨ پاسەوانی ھەیە و پاسەوانەکانی لە کوێن؟ بۆیە ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە یەکێتی تۆمەتبار بکات“.

گومانیشی خستە سەر هۆكاری هێرشەكە و بە ڕاشكاوانە گوتی: ”کێ ناڵێ ھۆکاری ھێرشکردنەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان كەسی ناگەڕێتەوە؟“.












باسنيوز


Top