سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی عێراق دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی عێراق دەکات
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ عوسمان غانمی، وه‌زیری ناوخۆی عێراق كرد و گفتوگۆ له‌ باره‌ی په‌ره‌پێدان هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵی كرا.

ئەمڕۆ شەممە 2021/2/27 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ کرد و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەمنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرا، بە تایبەتی كه‌ لەسەر پرسی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، لە ئەنجامی هەماهەنگیی باشی نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، ئەنجامی باش بەدەست هاتوون.

لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشا و هێزه چەکدارە نایاساییەکان لە دەڤەرەکە کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای سوپاسکردنی وەزیری ناوخۆی فیدرڵ بۆ هەوڵەکانی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، ئاماژەی بە بەردەوامیی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییانی کورد و داگیرکردنی زەویوزارەکانیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد و گوتی ئەم جۆرە دۆخە نائاسایی ونادەستوورییە، لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق نییە و پێویستە ڕێگری لێ بکرێت.

دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ، تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوو.












باسنيوز




Top