بایدن سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سعودیە دەگۆڕێت
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر شانشینی عەرەبیی سعودیە دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ شەممە 27-2-2021، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەی، رای گەیاندووە، ”رۆژی رابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد بن سەلمان نا، بەڵکو لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز گفتوگۆم کرد“.
جۆ بایدن هەروەها رایگەیاندووە، کە بە شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی راگەیاندووە، ئەمریکا لە رۆژانی داهاتوودا گۆڕانی گەورە لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر سعودیە، ئاشکرا دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرەرقاڵی پرۆژەیەکن بۆ تۆمەتبارکردنی سعودیە بە پێشێڵکاریی دژەمرۆیی.
ئەو لێدوانەی جۆ بایدن دوای ئەوە دێت، کەدەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی، رای گەیاندبوو، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە رەزامەندیی لەسەر دەستگیرکردن یان کوشتنی جەمال خاشقچی داوە.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکی ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە بن سەلمان پێیوابووە خاشقچی مایەی هەڕەشەیە لەسەر سعودیە و ”رازی بووە لەسەر بێدەنگکردنی“.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا، تۆمەتبارکردنی محەمەد بن سەلمانی بە کوشتنی جەمال خاشقچیی نووسەر، ”بە توندی“ رەت کردەوە.
جەمال خاشقچی، نووسەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە رۆژی 2-10-2018ـەوە ون بوو و دواتر لە رۆژی شەممە 6-10-2018، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە کوژراوە.
دواى 18 ڕۆژ، له رۆژی شەممە 20-10-2018، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعوودیە، بڵاوی کردەوە، کە جەمال خاشقچی لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەناو کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ بە دەست بەشەڕ هاتووە و دواتر بهو هۆیهوه، گیانى لهدهست داوه.
باسنیوز
