هێمن هەورامی: لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی تەندروستی کراوە

هێمن هەورامی: لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی تەندروستی کراوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی وەزارەرت تەندروستیان کردووە و لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پەرلەمان و وەزارەتی تەندروستی و بەدواداچوونەکان بۆ پرسی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کرد.

هێمن هەورامی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی٢ی٢٠٢١ لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: "یەکەم ئامانجی ئەم سەردانە ئەو هەماهەنگییە بەردەوامەیە کە وەزارەرت تەندروستی لەگەڵ لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان هەیەتی، بۆیە بۆ پتەوترکردنی ئەم هەماهەنگییە و دانانی میکانیزمەکان لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە، لەگەڵ وەزارەرت تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندییەکی چڕمان هەیە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕاشی گەیاند: "خاڵی دیکە بۆ ئێمە وەک پەرلەمان لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە ئەوەیە، کە هەڵسەنگاندنێکی ورد و بەدواداچوون بکەین بۆ ئەو خاڵانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی تەندروستییەوە ئەوەیە بزانین ئاخۆ پلانی کارەکانیان بۆ جێبەجێکردن چی بووە؟ ئەوەش کە جێبەجێ نەکراوە هۆکارەکەی چییە؟

گوتیشی: "خاڵی سێیەمی ئەم سەردانەی ئێمە ئەوەیە، کە بەدواداچوون بکەین بۆ ئاستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٠ لە کەرتی تەندروستی، کە بەشێکی فەرمانبەرانی سنووری وەزارەرت تەندروستیش دەگرێتەوە، خاڵی چوارەمیش بەدواداچوونە بۆ پرۆسەی یاسای چاکسازی بە شێوەیەکی گشتی، چونکە ئەو یاسایە و بەدواداچوونەکان تەنیا لە یەک وەزارەتدا کورت ناکرێتەوە".

هێمن هەوارمی ڕاشی گەیاند: "ئێستا پەرلەمانی کوردستان چەند وەرزێکی ماوە، ئەمانەوێ بزانین پێداویستییە یاساییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو یاسایانەی کە پێویست دەکات کامانەن، کە ئایا یاسای وەزارەتی تەندروستی پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، یان نا؟ چونکە کۆمەڵێک یاسای دیکە هەن و ئێمە دەمانەوێ بزانین کامەیان زۆر بەلاوە گرنگە کە ئێمە کاریان لەسەر بکەین، چونکە لە هەفتەی داهاتووە ئێمە وەرزی نوێی یاسادانان دەست پێ دەکەین".

گوتیشی: "بەناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە سوپاسی سەرجەم ستافی وەزارەرت تەندروستی و هەموو کارمەندە ماندوونەناسەکانی ئەم وەزارەتە دەکەین کە بۆ بەرەنگاربووەنوەی پەتای کۆرۆنا هەتا ئێستا کردوویانە."

هاوکات سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی ئەو سەردانەی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەزارەتی تەندروستی ڕای گەیاند: "ئێمە لەم سەردانەدا بە دوو ڕاپۆرتی جیا وەڵامی هەموو ئەو بەدواداچوون و ئەو پریارانەی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی تەندروستیمان دایەوە کە یەکیان ڕاپۆرتێکی گشتی بوو لەبارەی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بوو، هاوکات ڕاپۆرتێکیشمان لەبارەی ڕەوشی ئێستا پەتای کۆرۆنای کۆڤید ١٩، هەروەها پەتای گۆڕاوی کۆرۆنای نوێ خستە ڕوو و گفتوگۆمان لەبارەوە کرد".













باسنيوز

Top