وه‌زیرى شاره‌وانى: لە %10ی كارەكانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بووە

وه‌زیرى شاره‌وانى: لە %10ی كارەكانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بووە


وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، لە %10ی كارەكانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بووە و كاركردنیش تێیدا بەرەدەوامە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/2/2021، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار لێدوانێكى وه‌زیرى شاره‌وانیی له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كردووه‌ته‌‌وه‌، تێیدا ساسان عه‌ونى، وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار باسى له‌وه‌ كردووه‌: "كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە و بەگوێرەی خشتەی بەرەوپێشچوونی كارەكان، تا ئێستا نزیكەی %10ی كارەكانی جێبەجێكراون و سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانیش بەردەوام چاودێریی كارەكانی ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەی سلێمانی دەكات".

وەزیری شارەوانی ڕوونیشى كردووه‌: "تۆپۆگرافیای ئەو شوێنەی كە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لێ جێبەجێ دەكرێت، تۆپۆگرافیایەكی تا ڕادەیەك سەختە و هێشتا كاركردن لێی لە قۆناغی خۆڵكاری و بڕین و پڕكردنەوە و جێبەجێكردنی كارە كۆنكرێتییەكاندایە".

ساسان عەونی لەبارەی كاریگەرییەكانی كەشوهەوای باراناوی و بەفربارین لەسەر پرۆسەی بەڕێوەچوونی كارەكانی شەقامەكە دەڵێ: "ئەو چوار مانگەی كە وەرزی زستان بوو، بەهۆی باران و بەفر و سەختیی كەشوهەواوە، تا ڕادەیەك بەربەست لەبەردەم زیاتر بەرەوپێشچوونی كارەكان دروست بوو، لەگەڵ گۆڕانى كەشوهەوادا، لە وەرزی داهاتووەوە كارەكانی تەواوكردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەشێوەیەكی باشتر بەرەوپێش دەچن".







باسنيوز
Top