سەفین دزەیی: 40 وڵات نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان هەیە و چەند وڵاتێكیش نوێنەرایەتی دەكەنەوە
سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاشكرای دەكات، نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەی 4 وڵات لە هەرێمی كوردستانن و چەند وڵاتێكی تریش نوێنەرایەتیان دەكەنەوە.
سەفین دزەیی، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند: "نوێنەرایەتیی وڵاتان كە لە هەرێمی كوردستانن، بە كونسوڵ و كونسوڵی گشتی و نێردە و نوێنەری باڵوێزخانە و كونسوڵی فەخری و رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، ژمارەیان چل وڵاتە".
ئاشكراشی كرد چەند وڵاتێكیتر ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كە نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، هەروەك كونسوڵی ئەرمەنستان دوو مانگە لە هەرێمی كوردستان دەست بەكار بووە و ”دوێنێ كونسوڵخانەكەیان بە فەرمی كرایەوە“.
سەفین دزەیی جەختی كردەوە، یەكێك لە ئەركەكانی ئەم كابینەیە گرنگیدانە بە پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوتی دیبلۆماسی، هەروەها هەوڵدەدات لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پەرە بە پەیوەندییەكانی دەرەوە و پەرە بە پەیوەندییە دیبلۆماسیی و سیاسییەكان بدات، ”وێرای لایەنی دیبلۆماسی و سیاسی، حكوومەت دەیەوێت لایەنی ئابووری گەشە پێبدات و لە رێگەی نوێنەرایەتیی ئێمە لە دەرەوە، وڵاتان هان بدات بۆ ئەوەی بێن و كۆمپانیاكانیان سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن".
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی رابردوو بەهۆی بارودۆخی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی بە گشتی، نەتواندرا ئەو پلانەی دانرابوو وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت. گوتیشی: "لە داهاتوویەكی نزیكدا لە رێگەی ڤیدۆ كۆنفرانس بێت، یان بە كۆبوونەوە و كۆنفرانسەكان، كۆبونەوەكان دەكرێن، هەوڵیش دەدەین پەیوەندییەكان زیاتر پەرەبسێنن و فراوانتر بێت لە هەموو بوارەكاندا".
باسنيوز
