لە یادی 110 ساڵەی رۆژنامەگەری تورکمانییدا 11 رۆژنامەڤان خەڵات دەکرێن
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 25ی شوبات، 110 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی (حوادث)، رۆژنامەی تورکمانی لە عێراق و کوردستان تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە لە یادی 110 ساڵەی رۆژنامەگەری تورکمانییدا 11 رۆژنامەڤان و نووسەر رێزیان لێدەگیرێت و خەڵات دەکرێن، کە دوای پەسەندکردنی 25ی شوبات لەلایەن پەرلەمانی کوردستان ئەمە بۆ دووەمین ساڵە بەشێوەیەکی فەرمی ئەو یادە دەکرێتەوە."
ئایدن مەعروف گوتی:"پێشوازی لە بەشێک لە رۆژنامەڤانانی تورکمان دەکەین، کە خزمەتی بواری رۆژنامەگەری تورکمانییان کردووە. هەروەها لەماڵی تورکمانی لە هەولێر، هەر بەوبۆنەیەوە چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچن. سەرجەم یادەکانیش بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دەبن."
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لەوەشکرد، لەنێو ئەو رۆژنامەڤان و نووسەرانەی خەڵات دەکرێن، محەممەد فەرید ئەربیلئوغلۆ، سەرنووسەری رۆژنامەی تەبا، مەکتەبەی تەفسیر، بەڕێوەبەری رادیۆ تورکمانییەکان و تەلەڤزیۆنی تورکمان ئیلی هەن.
رۆژنامەی (حوادث) بە یەکەم رۆژنامەی تورکمانی هەژماردەکرێت، یەکەم ژمارەی لە 25ی شوباتی 1911 لە کەرکووک دەرچوو، ئەو رۆژە کراوەتە ` رۆژی رۆژنامەگەری تورکمان`ی.
رۆژنامەی (حوادث)، خاوەن ئیمتیازەکەی مامۆستا محەممەد زەکی قودسیزادە، سەرنووسەرەکەی ئەحمەد زەکی قودسیزادە بووە، یەکەم ژمارەی تەنیا بە زمانی تورکی و بە ئەلفوبێی سامی (عەرەبی)دەرچوو، رۆژنامەکە لە کەرکووک بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەو کاتیان نەگونجا، لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە ساڵی 1918 کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی هێنرا. ئێستاش چەندین رۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ و تەلەڤزیۆن هەن، کە بەزمانی تورکمانی و زمانەکانی دیکە وەشان دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 13ی ئاسایی خۆیدا پرۆژە بڕیاری "بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەی تورکمان"ی خستە دەنگدان، بە دەنگی 73 پەرلەمانتار پەسند کرا و بە فەرمی رۆژی 25ی شوباتی هەموو ساڵێک بە رۆژی رۆژنامەگەریی تورکمانی ناسێندرا.
هەروەها 17ی تشرینی دووەم، ساڵیادی کردنەوەی قوتابخانە تورکمانییەکانە لە هەولێر و کفری، بە رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی دادەنرێت.
rudaw -
