وەزارەتی پەروەردە کاتی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە ناحکومییەکان رادەگەیێنێت
رۆژی 24-2-2021 د.سەیوان عەلی رەزا بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان بە وەکالەت دوو گشتاندنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەلەبجە و گەرمیان دەرکردووە کە بەمشێوەیەن:
گشتاندنی یەکەم: بابەت/ کاتی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە ناحکومییەکان
پێویستە سەرجەم قوتابخانە ناحکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە پابەندبن بە کاتی تاقیکردنەوەکانی ساڵی خوێندنی (2020- 2021) بەمشێویەی خوارەوە.
1- تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەمی خولی یەکەم ( 60) نمرە لە رۆژی شەممە 6-3-2021 دەستپێدەکات و رۆژی دووشەممە 15-3-2021 کۆتایی دێت بەپێی خشتەیەکی تایبەت کە قوتابخانە دیاریی دەکات.
2- تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەمی خولی یەکەم (60 نمرە) لە رۆژی شەممە 5-6-2021 دەستپێدەکات و لە رۆژی دووشەممە 14-6-2021 کۆتایی دێت بەپێی خشتەیەکی تایبەت کە قوتابخانە دیاریی دەکات.
3- تاقیکردنەوەی خولی دووەم وەرزی یەکەم و دووەم لە رۆژی شەممە 4-9-2021 تاوەکو 16-9-2021.
4- سەبارەت بە دانانی نمرەی هەڵسەنگاندنەکانی بازنەی یەکەم پۆلی (1 و 2 و 3 ) بنەڕەتی ئەوا پێویستە نمرەی هەڵسەنگاندنی چوارەم لەکاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزەکان بۆ قوتابیان و خوێندکاران دابنرێت. بە رەچاوکردنی رێکەوتنی تاقیکردنەوەی وەرزییەکان کە ئاماژەپێدراوە لەسەرەوە.
گشتاندنی دووەم: دوابەدوای فەرمانی وەزاری ژمارە 22 لە 14-1-2021 ئەم روونکردنەوانەی خوارەوە دەخەینەڕوو:
1- سەبارەت بە بازنەی یەکەمی قۆناخی بنەڕەتیی پۆلی (1-2-3) لەو قوتابی و خوێندکارانەی کە فۆرمیان پڕکردووەتەوە بەشێوەی ئارەزوومەندانە بەشداریی خوێندنی ناو پۆل ناکەن ئەوا پێویستە لەکاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی پۆلە ناکۆتاکانی 4 تا 11 ئامادەبن لە قوتابخانە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنیان لەلایەن مامۆستای بابەت لەسەر 100 نمرە بۆ دەکرێت بەپێی خشتەیەکی تایبەت لەلایەن قوتابخانەوە بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
2- بۆ تۆمارکردنی نمرەی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە خاڵی 1 سەرەوە ئەوا پێویستە نمرەکان بەدەستهاتوو بکرێنە چوار هەڵسەنگاندن و لە سیستەمی ئی پەروەردە تۆمار بکرێن.
3- سەبارەت بەو قوتابی و خوێندکارانەی بەشداریی خوێندنی ناو پۆل ناکەن لە پۆلەکانی 4 تاوەکو 12 ئەوا پێویستە قوتابی بەردەوام بەدواداچوون بۆ کاتی تاقیکردنەوەکانی نووسینەکیی (20%) بکەن و خشتەی تاقیکردنەوەکان لەلایەن قوتابخانەوە رابگەیێندرێت چ لە رێگای هەڵواسینی ئاگادارکردنەوەکان و چ بە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت بۆ ئەوەی قوتابی بەشداریی ئەو تاقیکردنەویە بکات و ئەگەر قوتابی بەشداریی نەکرد ئەوا نمرەی سفری بۆ دادەنرێت لەو تاقیکردنەوەیە.
4- ئەو قوتابی و خوێندکارانەی بەشداریی خوێندنی ناو پۆل ناکەن بەشێوەی ئارەزوومەندانە ئەوا ئەوا بۆ دانانی نمرەی هەردوو هەڵسەنگاندنەکان (10%)، نمرەی بەدەستهاتووی تاقیکردنەوەی نووسینەکیی (20) دەکرێتە نیوە لە شوێنی هەردوو هەڵسەنگاندنەکان دادەنرێت لە سیستەمی ئی پەروەردە و تۆماری نمرەی مامۆستایان. بە رەچاوکردنی ئەوەی تاقیکردنەوەی وەرزییەکان لەسەر 60 نمرە دەبێت.
5- قوتابیانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لەو وەرزەی یەکەم تەنیا نمرەی تاقیکردنەوەی هەردوو هەڵسەنگاندنەکان 10% و تاقیکردنەوەی نووسینەکی 20% دەبێت بۆ هەر وەرزێکی خوێندن واتا 40% بۆ هەر وەرزێک و پاشان نمرەی هەردوو وەرز کۆدەکرێتەوە دابەشی دوو دەکرێت بە مەبەستی دەرهێنانی نمرەی کۆشش. لەم قۆناخە قوتابی خوێندکاری تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزەکان ناکات و تاقیکردنەوەی نیشتمانیی لە رێکەوتی 16-11-2021 لەسەر 60 نمرە دەکەن.
6- سەبارەت بە قوتابیانی دەرەکی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی ئەوا تەنها بەشداریی تاقیکردنەوەی نیشتمانی دەکەن لەسەر لە (100%) نمرە دەبێت.
7- پێویستە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لەگەڵ تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکانی بێت بە رەچاوکردنی ئەوەی هەموو ئەو قوتابخانەی دوو دەوامن و یان ئێوارانن و یان خوێندنی خێران، ئەوا لەگەل قوتابیانی خوێندنی رۆژ بەکاتی بەیانیان بەشداریی تاقیکردنەوەکان بکەن.
rudaw -
