سەرکردەیەکی کورد: پەکەکە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکییە

سەرکردەیەکی کورد: پەکەکە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکییە
سەردەیەکی کوردی سووریا رای گەیاند، ئەرکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سڕینەوەی ناسنامەی کوردی و کوردستانیی کوردە ئێزدییە رەسەنەکان و رادەستکردنی شنگالە بە تۆرانییەکانی تورک، وەک ئەوەی لە عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستاندا کردی.

عەبدولرەحمان ئاپۆ، سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا (یەکێ لە لایەنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە) گوتی: ”گۆڕەپانی عێراقی و سووری چەندین تەنگژەی یەک بەدوای یەکیان بەخۆوە بینیوە، کە وەک بۆمبێکی قوڕمیشکراون و لە هەر ساتێکدا بۆیان هەیە بتەقنەوە، ئەم تەنگژانەش لەخۆوە نەهاتوون، چەندین بابەتی نیشتمانیی هەن بوونەتە تەنگژە و لەلایەن دامەزراوە تەناهییەکانی ئەو دوو وڵاتە و تێکڕای ناوچەکەش بەگشتی، پێویستیان بە چارەسەرێکی هەمیشەیی هەیە“.

گوتیشی: ”چەندین پیلانی دەرەکی هەن، کە سوودیان لەو بارودۆخە کارەساتبارە و ئەو تەنگژانەی ژێرخانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هەڵتەکاندووە وەرگرتووە، بەتایبەت لە سووریا و عێراق، بۆ ئەوەی پرۆژە دژبەیەکەکان خۆیان دەربخەن و لەنێو ئەو تەنگژە قووڵانەی ئەو دوو وڵاتە و کێشە نیشتمانییە چارەنووسسازەکاندا خۆیان ببیننەوە، بەتایبەت کێشەی نەتەوەیی و مرۆیی کورد“.

ئاپۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”هێزە بیانییەکان سوودیان لەو ئامرازانە وەرگرتووە، کە هەواڵگریی وڵاتە داگیرکارەکانی کوردستان دروستیان کردوون، لەناویاندا ئامرازی وا هەیە پۆشاکی نەتەوەیی کراوەتە بەر وەک پەکەکە، هی تر پۆشاکی ئایینیی بەرفەرمان“.

ئەو سەرکردە کوردە دەشڵێ: ”هێزە نێودەوڵەتییەکان، کە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەنگاو دەنێن، پەکەکە بەدرێژایی هەردوو بەشی کوردستانی سووریا و عێراق وەک داشی شەترەنج بەکار دێنن و کار ئەکەن بۆ لێدان و زیانگەیاندن بەو هێزانەی هەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی کورد و کوردستانین و لەپێش هەموویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی نەتەوەی کورد مەسعود بارزانی“.

ئەو سەرکردە کوردە روونیشی کردەوە: ”پەکەکە بووە بە ئامرازی جێبەجێکاری ئەجێندای دوژمنان و سەربازی بەرفەرمان، بۆ لێدان لە ئیرادەی گەلی کورد لە خەباتی رزگاری لەم دوو بەشە و تێکڕای کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی (عەفرین و سەرێ کانی و کرێ سپی)ی داگیرکراودا و رادەستکردنی بە تورکیا، لە هەرێمی کوردستانیشدا، ناوچە داگیرکراوەکانی شنگال و تەنانەت کەرکووکیش، کە تورکیا بە بیانووی پەکەکەوە دەیەوێ داگیریان بکات“.

عەبدولرەحمان ئاپۆ گوتیشی: ”ئەو پرۆژە و ئەجێندایانەی لە ناوچەکەدا لە ململانێدان، بریتین لە:

- پرۆژەی ئێرانی- فارسی (هیلالی شیعی) بەهاوکاریی پەکەکەی داردەستیان.
- پرۆژەی توورانیی تورکی- عوسمانی (جیاکردنەوەی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان بە هاوکاریی پەکەکەی داردەستیان).
-پرۆژەی نەتەوەیی کوردی- کوردستانی، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی نەتەوە مەسعود بارزانی، کە پەکەکە بە توندیی دژایەتیی ئەکات.
- پرۆژەی نێودەوڵەتی، کە لە زۆر خاڵدا پرۆژەی نەتەوەیی کورد لەگەڵیدا یەک دەگرێتەوە.
- هەموو ئەو پرۆژە و ئەجێندایانە لە ململانێ و لە قۆناغێکی بوولێڵدان، کە دواتر روون دەبنەوە“.

عەبدولرەحمان ئاپۆ بەمە کۆتایی بە لێدوانەکەی هێنا و گوتی: ”ئەرکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سڕینەوەی ناسنامەی کوردی و کوردستانیی کوردە ئێزدییە رەسەنەکان و رادەستکردنی شنگالە بە تۆرانییەکانی تورک، وەک ئەوەی لە عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستاندا کردی، بەڵام ئەمە هەرگیز روو نادات، ئەویش بە هیمەتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و حیکمەت و دانایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر چارەنووسی ئەو ناوچە داگیرکراوانەی ئەم دوو بەشەی کوردستان، گەڕانەوەیە بۆ باوەشی نیشتمان“.












باسنیوز


Top