سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا دەكات
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، پێشوازیی له‌ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد کە له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24/2/2021 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ئارتاك ئاپیتۆنیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك هاتبوون لە هارچیا پۆلادیان، باڵوێزی ئەرمینیا لە عێراق و ئارشاك مانۆكیان، كونسوڵی ئەرمینیا لە هەولێر و چەند دیپلۆماتكارێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا.

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا پێزانینی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو كە ژیانی خۆی بۆ ئازادی و مافەكانی نەتەوەكەی تەرخان كردووە، هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامودەزگەی هەرێمى كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد کە لە پاراستن و قووڵتركردنەوەی پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان، جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێز و فراوان بكات.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و ئەوەی خستە ڕوو، كە پەخشی یەكەم ڕادیۆی كوردی لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەڵگەیە لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەی نێوان هەردوو گەل، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیا فراوانتر ببن، سه‌رۆك بارزانى ئەوەشی دووپات كردەوە كە كوردستان وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەمێنێتەوە و بە هەموو توانایەك پشتیوانی لە مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.










باسنيوز




Top