خۆپیشاندان و ئاڵۆزی بەلووچستانی ئێرانی گرتەوە
بەپێی زانیارییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ئەمڕۆ دوکان و بازاڕی شاری "سەراوان"ی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە ڕۆژهەڵاتی ئێران داخراوە.
هاوکات میدیا خۆجێیەکانی سیستان و بەلووچستان بڵاویان کردووەتەوە لە ناڕەزایی بەرانبەر بە کوشتنی چەند کاسبکارێکی بەلووچ، دوێنێ سێشەممە هەموو بازاڕ و دوکانی ئەو شارە داخراوە و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان ڕووی داوە.
هاوکات لە شارۆچکەی "دزاپ" شەڕ و ئاڵۆزی ڕووی داوە و کوشتنی ئەو چەند کاسبکارە خەڵکی زۆر نیگەران کردووە و هێزە ئەمنییەکانی لە شارەکانی سەراوان و دزاپ ڕێوشوێنێکی زۆر سەربازی و توندیان گرتووەتە بەر.
هەندێ سەرچاوە بڵاویان کردووەتەوە دەروازەکانی شاری سەراوان داخراوە و ڕێگەی هاتوچۆ بە خەڵک نادەن و لە هەندێ ناوچەش ئینتەرنێت پچڕێندراوە.
ماڵپەڕی پێگەی هەواڵی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ (هێرانا) بڵاوی کردووەتەوە ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری شاری سەراوان دەستڕێژیان لە کۆمەڵێک کاسبکار کردووە کە سووتەمەنییان گواستووەتەوە و لە ئەنجامدا دوو کاسبکار کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەندێ سەرچاوەی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەو ڕووداوەدا ١٠ کاسبکاری بەلووچ کوژراون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
سیستان و بەلووچاستان کە لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران هەڵکەوتووە و زۆربەی دانیشتوانی نەتەوەی بەلووچن، لەڕووی خزمەتگوزاری و بێکاری و قەیرانی ئابوورییەوە یەکێک لە ناوچە هەژار و بێ ئیمکاناتەکانی ئێرانە و هاوکات بژیوی بەشێکی زۆر لە شارە سنوورییەکانی بەلووچستان لەڕێگەی هێنان و بردنی سووتەمەنی بۆ پاکستان و کاسبیی سەرسنوورە، بەڵام بەپێی یاساکانی ئێران ئەو کارە بە قاچاخ لەقەڵەم دەدرێت و دەستڕێژ لەو کاسبکارانە دەکەن و ساڵانە بە دەیان حاڵەتی کوشتنی کاسبکاران لەو ناوچەیە ڕوو دەدات.
نەتەوەی بەلووچ لە ئێران کە یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەن لەگەڵ حکوومەتی ئێران گرفتی نەتەوەیی و مەزهەبییان هەیە و داوای ماف و داخوازییەکانی خۆیان دەکەن و چەندین حزب و گرووپی سیاسی – مەزهەبی لەو ناوچەیە سەریان هەڵداوە و هەندێکیان چەکدارن و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەبنەوە.
باسنيوز
