لە هەڵەبجە یادەکانی مانگی ئادار راگیران

لە هەڵەبجە یادەکانی مانگی ئادار راگیران
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە کۆبووەوە و قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، جگە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بڕیار دراوە هەموو یادەکانی مانگی ئادار لە پارێزگاکە رابگیرێن.

نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە راگەیاند: "لەسەر راسپاردەی کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و پارێزگارەکان، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە چوو. تێیدا چەند بڕیارێک دران."

نوخشە ناسیح، باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە لە شوێنە گشتییەکاندا دەمامک ببەسترێت، هەروەها جگە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، هەموو گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەک لە مانگی ئاداردا رادەگیرێت.

لەبارەی 16ی ئادارەوە کە 33ـیەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، نوخشە ناسیح گوتی: "تەنیا یادەکە بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی دەکرێتەوە، بەڵام لە هۆڵی داخراودا نابێت، بەڵکو لە شوێنی کراوە و لەسەر مەزاری شەهیدان دەبێت."

رۆژی دووشەممە 2021/02/22 د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام رێکارەکانی خۆپارێزی تووند دەکرێن.

لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری ئەوەش دراوە کە یاد و بۆنەکانی مانگی ئادار "بەرز رادەگیرێن، بەڵام بەبێ گردبوونەوەی جەماوەری". د. جووتیار داوای لە هەموو لایەک کرد "بەتایبەتی حیزبە سیاسییەکان" کە پابەندی بڕیارەکە بن.

تەندروستیی هەولێریش لە رۆژی 2021/02/21ـدا تووشبوونی پێنج کەسی بە کۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. رۆژی دوای ئەوەیش تووشبوونی 14 کەسی دیکەی بە هەمان ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو راگەیاند.

بە قسەی بەرپرسانی تەندروستیی هەولێر، پێنج تووشبووی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێرن کە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 40 ساڵاندایە، لە سێ ئافرەت و دوو پیاو پێکهاتوون و تەندروستییشیان جێگیرە.

دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ئەو 14 تووشبووەی کۆرۆنای گۆڕاو کە تۆمار کراون هەرکەسە و هی ماڵێکن و خەڵکی بیانییان تێدا نییە و هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

لەو 14 کەسەیش یەکێکیان تەمەنی شەش ساڵانە و یەکێکی دیکەیش تەمەنی 15 ساڵانە و ئەوانی دیکەش سەرووی 20 ساڵن.

تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 159 هەزار و 199 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، لەو ژمارەیەش ئەنجامی پشکنینی 108 هەزار و 62 کەس ئەرێنی بوون، 103 هەزار و 78 تووشبوو چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 510 تووشبوویش مردوون. ئێستا هەزار و 474 تووشبوو چارەسەر وەردەگرن.

rudaw -
Top