دوو پشتێنەی سەوزایی بە دەوری هەولێر دروستدەكرێن
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رۆژی دووشەممە (22ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی راوێژكاری وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی بواری پلانسازی و نەخشەدانانی ئاوەدانی پەیوەست بە شار و شارۆچكەكان ئاشکرا کرد.
سەبارەت بە شاری هەولێر، ساسان عەونی رایگەیاند "شاری هەولێر دوو پشتێنەی سەوزایی بۆ دیاریكراوە و هەریەك لەو پشتێنە سەوزاییانەش ماستەرپلانی خۆی هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ شاری هەولێر نییە، بەڵكو بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیشە".
بەگوێرەی ئەو ستراتیژییەی وەزارەتی شاروانی و گەشتوگوزار دایناوە، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگاكان راسپێردراون ماستەرپلانی تایبەت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو رووبەرە سەوزاییانەی كە هەیە، دابنێن.
k24 -
