پارێزگای دهۆك: ڕفاندن و زیندانیكردن و شەهیدكردنی جۆتیار سیاری لە لایەن پەكەكەوە شەرمەزار دەكەین
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی پارێزگای دهۆك كە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢١ بڵاو كراوەتەوە و، ئاماژە بەوە كراوە: ”ڕفاندن، دەستبەسەركردن، زیندانیكردن و شەهیدكردنی هاووڵاتی جۆتیار موحسین سیاری، رۆڵەی پارێزگای دهۆك لە لایەن چەكدارانی پەكەكە ڕیسوا و شەرمەزار دەكەین“.
جەختیشی لەوە كردۆتەوە كە ”گرتن و زیندانیكردنی هاووڵاتیان تەنیا كاری دامودەزگا دادوەرییەكانە كە لە چوارچێوەی یاسادا دەكرێت، لە دەرەوەی ئەو دەزگایانە دەبێتە كارێكی نایاسایی و نامرۆڤانە و بە دەستدرێژیكردنە سەر خەڵكی هەژمار دەكرێت.
زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر پەكەكە جۆتیار موحسین سیاریی دەستگیر كرد و بەبێ هیچ بەڵگەیەكیش تۆمەتی سیخوڕیی دایە پاڵ، ئێوارەی دوێنێ تەرمەكەی جۆتیار دوای تیرۆركردنی لە لایەن پەكەكەوە، گەیەندرایەوە لای خێزانەكەی لە دهۆك.
باسنیوز
