پۆلیسی هەولێر ئەو قوتابییەی دەستگیرکرد کە چەقۆی لە پشتی مامۆستاکەی دابوو
لە راگەیێندراوی پۆلیسی هەولێردا لەبارەی رووداوەکە هاتووە، قوتابییەکە دوای ئەوەی لە مامۆستاکەی داوە لە شوێنی رووداوەکە رایکردووە. ئێستاش بەپێی ماددەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە.
رووداوەکە چۆن روویدا؟
ئەمڕۆ دووشەممە لە ئامادەیی زۆزکی کوڕان لە گەڕەکی هەولێری نوێ قوتابییەک بە "چەقۆ" لە مامۆستایەکی خۆی دا، مامۆستاکەش بە رووداوی گوت، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا نەبووە.
ئەو مامۆستایەی هێرشی کرابووە سەر ناوی محەممەد جەلال نەریمانە کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی زۆزکی کوڕانە راگەیاند، لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانە پشکنینیان کردووە و یەکێک لە قوتابییەکان "چەقۆ"ی پێبووە، ئەویش پێی گوتووە کە نابێت قوتابی ئەو شتانەی پێبێت، بۆیە داوایان لە قوتابییەکە کردووە کە باوکی بێنێتە قوتابخانە بۆئەوەی بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە بۆئەوەی جارێکی دیکە ئەو کارە دووبارەنەکاتەوە.
بە گوتەی مامۆستاکە، کاتێک بۆ کارێک لە قوتابخانە دەرچووە، قوتابییەکە لە کاژێر 11:10 خوولەک لە بەردەم دەرگەی قوتابخانەکە بووە و لێی پرسیوە "مامۆستا لە قوتابخانە دەرمناکەیت"، ئەویش پێی گوتووە "نەخێر گیانە، باوکت بێنە بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە و جارێکی دیکە ئەو شتە دووبارە مەکەرەوە". دەشڵێت، دواتر کاتێک ویستوویەتی بچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی، لەدواوە شتێکی بە پشتیدا کێشاوە و هەڵاتووە، پاشان چووەتە ئیدارەی قوتابخانەکە و زانیویەتی کە "چەقۆی لێدراوە" و خوێنێکی زۆری لێ رۆشتووە.
مامۆستاکە کە قسەی کرد، داوایەکی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردە و ئەندامانی پەرلەمان کرد کە وەک خۆی گوتی "شکۆ بۆ مامۆستا بگەڕێننەوە" و دەڵێت، کۆمەڵێک ماف بە قوتابی دراوە و لە بەرامبەردا هیچ مافێک بە مامۆستا نەدراوە.
یەکێک لە هاوڕێکانی مامۆستا محەممەد جەلال باسی لەوە کرد، بەهۆی نەبوونی "سزای تووند بەرامبەر قوتابی" ئەو رووداوانە زیادیان کردووە. بە گوتەی هاوڕێکەی مامۆستا محەممەد، باوکی ئەو قوتابیە تەلەفۆنی بۆ بەڕێوەبەرەکەمان کردووە و بڕیارە دواتر باس لەو بابەتە بکرێت، ناشزانن کە قوتابییەکە چووەتە ماڵەوە یاخود نا، بەڵام باوکی بە رووداوەکەی زانیوە.
rudaw -
