بڕیاردرا خوێندن بە ڕێکارەکانى خۆپارێزییەوە بەردەوام دەبێت

بڕیاردرا خوێندن بە ڕێکارەکانى خۆپارێزییەوە بەردەوام دەبێت
گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆی لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا بڕیاردراوە کە خوێندن بە ڕێکارە خۆپارێزییەکانەوە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢/٢/٢٠٢١، لە دیوانى وەزارەتى ناوخۆی هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا بەڕێوەچوو، دواى کۆبوونەوەکە جوتیار عادل، گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا گوتى: "دواى ئەوەى هەریەک لە وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە ڕاپۆرتى هەڵسەنگاندنى خۆیان پێشکەش کرد چەند بڕیاردرا کە خوێندن لە ناوەندەکانى خوێندن وەک خۆی بەردەوام دەبێت بە ڕەچاوکردنى رێکارە تەندروستییەکان و توندترکردنى ڕێکارەکانیش بەمەبەستى پاراستنى مامۆستا و قوتابیان".

گوتیشی: "یادەکانى ئادار و نەورۆز بەرز ڕادەگیرێت، بەڵام جەنجاڵى تێدا دروست ناکرێت و داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکانیش دەکرێت گردبوونەوە دروست نەکەن، و دەسەڵاتیش دراوە بە ژوورى پارێزگاکان بۆ ئەوەى ئەو بازگانەى لە نێوان پارێزگاکانى هەرێم و عیراق هەن کەم بکرێنەوە و رێکارەکانیش توند بکرێن و ڕێگاى هاتوچۆ تەنها بۆ شاندەکانى حکوومەت دەبێ".

هەروەها باشی لەوەکرد، کە بەلەبەرچاوگرتنى ڕەوشی تەندروستى 25ی مانگ بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی تەندروستیی، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانیش بەتایبەتى خانەنشینان ئێمە پێداگیری لەسەر ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکەین و هەموو ڕێکارەکانى وەزارەتى ناوخۆ بەتایبەتى نەبەستنى ماسک سزاى لەسەر دەبێت.

جوتیار عادل، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە داوا لە هەموو دام و دەزگاکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین کە پابەندى ڕێنماییەکانى تەندروستی بن، چونکە ڕۆژانە ژمارەى تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە.












باسنيوز


Top