رێبەر ئەحمەد: هێرشە مووشەكییەكە پێمان دەڵێت لە عێراق جگە لە داعش گرووپی دیكەی تیرۆریستی هەن
وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر پێمان دەڵێت كە لە عێراق جگە لە داعش، گرووپی دیكەی تیرۆریستیش هەن.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، لە میانی مەراسیمی دەست بەكاربوونی پارێزگاری تازەی هەولێر، لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر شاری هەولێر، رای گەیاند: "بەداخەوە كەسانێك سوودیان وەرگرت لەو مامەڵە باشەی لە بازگەكان لەگەڵ هاووڵاتیان دەكرێت و ئەم كارەیان كردە سەر چەند گەڕەكێكی هەولێر".
ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەو هێرشە "پێمان دەڵێت جگە لە داعش، گرووپی دیكەی تیرۆریستیش هەن كە پێویستە بە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و هاوپەیمانان و هەموو لایەنەكانی دژی تیرۆر، هەوڵی ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی بدرێت".
لەبارەی دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەو هێرشە، ڕێبەر ئەحمەد رای گەیاند: "لێژنەیەكی هاوبەش هەبوو لە نێوان بەڕێزان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لێژنەیەكیش لە بەغدا هاتن لەگەڵ لێژنەی خۆمان كاری باشیان كردووە، چاوەڕێین دەرئەنجامی ئەو لێژنەیە بە تایبەتی ئەوەی لەسەر حكوومەتی فیدڕاڵییە جێبەجێ بكرێت، ئەو خەڵكەی تاوانبارن لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەستگیر بكرێن و بدرێنە دەست عەدالەت تاوەكوو بە سزای خۆیان بگەیەندرێن".
شەوی ١٥ی شوباتی ٢٠٢١، لە ڕێگەی نێوان هەولێر - گوێڕەوە ١٤ مووشەك ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند گەڕەكێك كران، لە ئەنجامیشدا لە نێو فڕۆكەخانە كەسێك گیانی لەدەست دا و ژمارەیەكیش بریندار بوون، لە دەرەوەی فڕۆكەخانەش كەسێك گیانی لەدەست دا و ژمارەیەك هاووڵاتیش بریندار بوون.
باسنيوز
