عەرەبی هاوردە لە داقووق داوای پارە لە دانیشتووی گوندێکی کاکەیی دەکەن
کوردانی ئەو ناوچەیە ترسیان لە یاسایەک نییە گەر گوشارە سیاسی و ئیدارییەکان لاسەنگی نەکەن، چونکە ئەم ناوچەیە لە دێر زەمانەوە هی کوردانی کاکەیی بووە و هەر بەوەش دەناسرێتەوە.
حوسێن عەلی وەلی، دانیشتووی رزگاری دەڵێت "وەکو ماف، ئێمە خەڵکی ناوچەکەین، بێگومان ماف بە ئێمەیە و چۆڵیشی ناکەین، ئێ باشە من لەسەر خاکی باپیرانمم، بۆ کوێ بڕۆم؟"
بەڵگەنامەکان دەیسەلمێنن زەویی کاکەییەکان لە ساڵی 1993 وەکو دیاری لەلایەن سەدام حوسێنەوە دراوەتە فەرماندەیەکی سەربازیی سوپاکەی لە هۆزی ئەلبو عێسە، ئێستا ئەو هۆزە دەبینن پرۆسەی تەعریب سەریهەڵداوەتەوە و جارێکی دیکە هاتوون و چاویان لەوەیە بە هەمان هەوای ئەو سەردەمەوە خێوەت و ماڵباتیان بهێننەوە سەر خاکی کوردان.
ئەسوەد ئەسعەد، دانیشتووی رزگاری باس لەوە دەکات "عەرەبە ئەلبوعێسەکان هاتوون و داوادەکەن، داوای زەوییەکان و خانووەکانیش دەکەن، هەموویان ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، چونکە ناسنامەیان ئێرە نییە، لە بەغدا، بەسرە، حەویجە و ئەنبارەوە کۆکرانەتەوە و هێنراون بۆ ئێرە".
کورد لەم گوندە 24 بڕیاری خاوەندارێتیی زەوییەکانیان هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکەیان لە دادگا و کشتوکاڵی کەرکووکە، کە گرێبەستی هاوردەکان هێشتا کارپێکراوە.
شکار مەردان، یەکێک لە پارێزەرانی جووتیارانی کورد ئەوەی خستەڕوو "ئەو عەرەبانە هاتوون و نووسراویان لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە کردووە بۆ پارێزگا و لەوێوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، دووبارە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان تاوەکو بە هێز بیانگەڕێننەوە، ناتوانن لەڕێگەی دادگاوە بێن، چونکە گەر لەڕێگەی دادگاوە بێت هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان نییە و ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، گرێبەستەکانیان پەیوەستە بە لیژنەی شوئن شیمال (شؤن شمال)".
گوندی رزگاری 130 ماڵی تێدایە، نزیکترین گوندی ناوچەی کاکەییە لە ناوەندی قەزای داقووقەوە.
بۆ راگرتنی پرۆسەی تەعریب کە بەشێکی زۆری لەڕێگەی دادگاکانەوە بڕیاریان لەسەر زەوی و زاری کورد بۆ دەردەکرێت، نوێنەرانی کەرکووک سەردانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقیان کرد و بەڵێنی ئەوەیان لێوەرگرت کە ئیدی دادگاکان بڕیار لەسەر هیچ زەوییەک دەرناکەن کە ماددەی 140 بیگرێتەوە.
جەمال شکور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "لە کەرکووک هەندێکجار دادگاکان یاسایەک دەردەکەن دژی دەستوور و یاسایە، ئێمە داوامان لە بەڕێز فایەق زێدان کرد جەخت لە نووسراوەکانی پێشووتری بکاتەوە کە دەڵێت، دەبێت رێکارەکان رابگیرێن، بە دڵنیاییەوە لەم رۆژانەدا دەبێت گشتاندنێک بێتەوە، بەتایبەتی بۆ دادگای کەرکووک کە ئەو رێکارانە رابگیرێن لەسەر ئەو زەوی و زارانەی پەیوەستە بە ماددەی 140، کە ماددەیەکی دەستوورییە".
ناوچەی کاکەیی دەکەوێتە باشووری داقووق، تاوەکو قۆناخی پێش تەعریب لە ساڵانی حەفتاکان، نزیکەی 30 گوند و ئاوایی بوون، بەڵام بەشێکی زۆری گوندەکان کەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب و ئێستا مۆرکی کوردییان پێوە نەماوە.
لەدوای ساڵی 2003 پازدە گوندی کاکەیی ئاوەدانکرانەوە، بەڵام بەهۆی کێشەی ئەمنی و گوشاری تەعریبەوە، ئێستا تەنیا پێنج گوندیان خەڵکی تێدا دەژین و دوو گوندیان بە چڕی کاکەییەکانی تێدا کۆبوونەتەوە.
rudaw -
