وەستایەک لە باکووری کوردستان زیاتر لە 40 ساڵە بەبێ ئامێری پێشکەوتوو پێڵاو دروستدەکات

وەستایەک لە باکووری کوردستان زیاتر لە 40 ساڵە بەبێ ئامێری پێشکەوتوو پێڵاو دروستدەکات
وەستایەک لە باکووری کوردستان ماوەی 40 ساڵە بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێکی کارگە و بە دەستەکانی پێڵاو دروستدەکات. ئەو خەڵکی ئێلیهی باکووری کوردستانە و تەمەنی 51 ساڵە، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لای باوکی فێری ئەم پیشەیە بووە.

ئۆرهان ساغدیچ، وەستای دروستکردنی پێڵاو دەڵێت "زیاتر لە 40 ساڵە ئەم کارە دەکەم. پیشەی باپیرمە، لە باپیرەوە بۆ باوک لە باوکەوە بۆ کوڕ، بەردەوامیی پێدەدەین. پێڵاوەکانمان 100% بەرهەمی کاری دەستە. ئێمە بە بەرهەمی کوالێتیی زۆر باش دەیفرۆشین. مانگانە 300-350 جووت پێڵاو دروستدەکەین".

وەستا ئۆرهان لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، تەنانەت لە وڵاتی دیکەش کڕیاری هەیە.

چەندین کڕيار ساڵانێکە پێڵاو لای وەستا ئۆرهان دەکڕن؛ هەندێکیان لەسەر ویستی خۆیان، چۆنیان بوێت بەو جۆرە پێڵاویان بۆ دروستدەکرێت.

یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کڕیاران دڵیان پێی خۆشە، رەچاوکردنی تەندروستییە. ئەمەش لەکاتێکدایە نرخی جووتێک پێڵاو 200 بۆ 250 لیرەی تورکییە کە دەکاتە نزیکەی 30 بۆ 35 دۆلار.

کڕیارێک بەناوی فەیسەڵ فیدان دەڵێت "بەهۆی ئەوەی رازیم لە کوالێتی و نرخەکەی، بەتایبەت لەبەرئەوەی بەرهەمی کاری دەستە و تەندروستە، زیاتر پێشنیازی بەرهەمەکانی وەستا ئۆرهان دەکەم. ماوەی 12-13 ساڵە هەر لێرە پێڵاو دەکڕم و بۆ هاوڕێکانیشمی پێشنیاز دەکەم، ئێستا دوو جووتم داواکردووە و دەیاننێرم بۆ نسێبین".

وەستا ئۆرهان لەگەڵ پەرەدان بە پیشەکەی، گەنجانی ئێلیهی باکووری کوردستانیش فێری دروستکردنی پێڵاو دەکات و رایاندەهێنێت.
rudaw -
Top