مهسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانیی عیراقیون دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/21 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانی عیراقیون کرد و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانی عیراقیون، ئاماژەی بەوە دا، کە هەرێمی کوردستان، بە دۆست و هاوپەیمانیی خۆمان دەزانین و پێویستە دەستوور، بکرێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی. گوتیشی "ئێمە پشتگیریی ئەو ڕێککەوتنە دەکەین کە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئارا، لە سەر بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و هيوادارين لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، دەنگی لە سەر بدرێت".
سەرۆکی حکوومەت، جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی كوردستان هەمیشە لە گەڵ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بووە لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تایبەتمەندی و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی پرهنسیپەکانی هاوسەنگی و شەراکەت و سازان.
باسنیوز
