حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە بەغداوە دەگەڕێنێتەوە هەولێر
ئاراس تووتنچی، گوتەبێژی کۆرەک تیلیکۆم، راگەیاند: "ئێمە پێشتریش باجی 20٪ـمان داوە. ئێستایش ئەمە جۆرێکە لە دادگەری کە هەموو کۆمپانیاکان بیدەن. ئەم جارە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتن بکەن و ئێمەیش بەپێی رێککەوتنەکە باجەکەی خۆمان دەدەینە ئەو لایەنەی کە دەبێت بیدەینێ."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو مانگی بۆ رێکخستنی سیستەمی باج و جێبەجێکردنی بڕیارە 11 بڕگەییەکە دیاری کردبوو. یەکێک لە هەنگاوەکانیش دانوستاندنە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی باجی فرۆشی بەکارهێنەرانی سنووری هەرێمی کوردستان بۆ خەزێنەکەی.
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کارتە مۆبایلەی کە بە 5 هەزارە و بە 6 هەزار دەدرێت، باجی فرۆشی دەدرێتە حکومەتی بەغدا. ئێمە ئێستا هەموو هەوڵمان ئەوەیە کە ئەو باجە کە بەکارهێنەرانی سنووری هەرێمی کوردستان دەدیدەنە بەغدا، بدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەو شێوەیە سەرمایەی هەرێمی کوردستان بپارێزین."
لە هەرێمی کوردستان سێ کۆمپانیا پەیوەندی و 25 کۆمپانیای ئینتەرنێت هەن. نزیکەی 90٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هێڵێی موبایلیان پێگەیشتووە. هەروەها هێڵێ ئینتەرنێت بۆ نزیکەی 80٪ی دانیشتووان بەر دەستە. رێژەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 55٪.
rudaw -
