نەتەوە یەكگرتووەكان: شانە نووستووەکانی داعش چالاكن ولە نێوان عێراق و سوریاش هاتووچۆ دەکەن
لەو راپۆرتەدا بەرپرسی ئۆفیسی دژە تیرۆری نەتەوە یەکگرتوەکان، ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆڤ هۆشداری دا و گوتی: 10 هەزار چەکداری داعش لە سووریا و عێراق ماون. فەرماندەی میحوەری گوێر - مەخموری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سیروان بارزانی رایگەیاند: داعش دۆخی کۆرۆنا و کەمی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەرفەت زانیوە و خەریکی خۆ رێکخستنەوەیە.
ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆڤ بەرپرسی ئۆفیسی دژە تیرۆری نەتەوە یەکگرتوەکان ژمارەی چەکدارانی داعش ئاشکرا كرد و گوتی: 10 ھەزار داعش لە سووریا و عێراق ماون و شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچە دوورەدەست و گوندنشینەکان جموجوڵیان هەیە و لە سنووری نێوان عێراق و سوریاش هاتووچۆ دەکەن.
سیروان بارزانی فەرماندەی گوێر - مەخموری هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەیكرد، هێشتا داعش هەڕەشەیە بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان.
سیروان بارزانی گوتیشی: لە کاتی پرۆسەی رزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، چەکدارەکانیان ریشی خۆیان تاشیوە و خۆیان لە ناو ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلدا حەشارداوە.
گوتیشی: داعش ئێستا دۆخی کۆرۆنا و کەمی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیان قۆستووەتەوە و خەریکی خۆرێکخستنەوەن.
k24 -
