پسپۆڕێكی یاسایی: پهیامی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان پهیامێكی بێلایهنانهیه
پسپۆرێكی یاسایی رای دەگەیەنێت، ھیچ دەسەڵاتێك بۆی نییە رێنوێنیی دەسەڵاتی دادوەری بكات و به پێویستی دهزانێ ئەنجوومەنی دادوەری، ئهو كهسانهی كه له كاتی دادگاییكردنی 5 تۆمەتبار لە دادگای ھەولێر قسەی نێو دانیشتنی دادگایان بردە دەرەوه، بداته دادگه، دووپاتیشی كردهوه كه پهیامی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، پهیامێكی بێلایهنانهیه.
ئهمڕۆ شهممه 20/2/2021، دانەر عەبدولغەفار، پارێزەر و پسپۆڕی یاسایی، دووپاتی دهكاتهوه، كه پەیامی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پەیامێكی بێ لایەنانەیە، بۆ ھەموو ئەوانەی قسەیان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، كە دەستوەردان لە بڕیاری دادگاكانی ھەرێمی كوردستان نەكەن، چونكە تا یاسا سەروەر نەبێت، ناتوانین ئەم وڵاتە بخەینە سەرپێ.
سهرنجی خسته سهر ئهوهش، ههندێك كهس بەبێ بەڵگە و بە ناشارەزایی قسە بە دادگا و دادوەرەكان دەڵێن، "ھیچ دەسەڵاتێك بۆی نییە رێنوێنیی و پێشنیاز بۆ دەسەڵاتی دادوەری بكات، تەنیا خۆی نەبێت، چونكە تاكە دەسەڵاتە ھیچ چادوێرییەكی لەسەر نییە و دەسەڵاتی بەسەر ھەموو كەس و دامەزراوەیەكەوە ھەیە.
ئهو پسپۆڕه یاساییه، له بهشێكی گوتهكانیدا، به كوردستان 24ـی ڕاگهیاندووه، ھەموو گوته و بۆچوونانهی لەبارەی ئەو دۆسیەوە لەلایەن ههندێ كهسهوه دەكرێن، بەپێی یاسای سزاكانی عێراقی دەچێتە چوارچێوەی تاوان بەرامبەر بە دەسەڵاتی دادوەری، چونكە ئەوە دەستوەردانە لە كاوروباری دەسەڵاتی دادوەری، ههروهها دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە به ئاشكرا بووە، چەندان پارێزەر و پەرلەمانتار و كەسوكاری ئەو تۆمەتبارانە ئامادەیی دانیشتنەكەی دادگا بوون، ھەندێك پەرلەمانتار و كهسی دیكەش كاتێك ھاتنە دەرەوە ھەرچی لە دانیشتنی دادگا گوتراوە ئاشكرایان كرد. بەگوێرەی ماددەی 236 لە یاسای سزادانی عێراق، ئەگەر كەسێك لە دادگایی كردنێك بەشداربوو، دوایی كۆیاییھاتنی دانیشتنی دادگا ئەو قسانەی كە كراون ئاشكرا بكات دەبێ سزا بدرێت، بۆیە ئەنجومەنی دادوەری دەبێ ھەموو ئەو كەسانە بداتە دادگا و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت، لەو ماوەیەدا ھیچ نەما بە دادگا و دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستانی نەگوترێت، ئەو كهسانه دەیانەوێت فەوزا دروست بكەن".
ئهو پسپۆڕه، داواشی كرد كه دادوەرهكان و ئەنجوومەنی دادوەری لە ھەرێمی كوردستان نەكەونە ژێر كاریگەریی ھیچ كەس و لایەنێك، دامودەزگا ئەمنییەكان بەردەوام بن لە ئەركەكەیان كە پاراستنی ھەرێمی كوردستانە.
دانهر عهبدولغهفار، جهختیشی كردهوه، كه ھیچ پێشكەوتنێك بەبێ یاسا دروست نابێت، "ھەموو پێشكەوتنێكی وڵات یەكسانە بە سەروەریی یاسا، لە رۆژئاوا یاسا بووەتە جۆرێك لە ئەخلاق".
دوێنێ ههینی 19/2/2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە تویتێكدا رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەك دەکەم کە ڕێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات".
باسنیوز
