نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سزادراوانی بادینان: چاودێريی ئەو پرسە دەکەین
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، گەلی كوردستان ههرگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات و رێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکاربهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه له سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگە، سەربەخۆیيی دادگەش لە چۆنیەتيی کاری دادگە و دادوەرانەوە دەبینرێت. "دادگە و دادوەرانى بهڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سهروهريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت".
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا داوا لە هەموو لایەک دەکات، لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە رەخنەگرتن و دروستکردنی فشاری مەدەنییانە بەرامبەر هەر بڕیارێک، "كارێكى وا نهكهن بێمتمانەیی بە دادگە و یاسا و هەرچی دامودەزگەیە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سهروهريى یاسا، وا دهكات ئیدی کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆى، دڵنيا نهبێت".
رۆژی سێشەممە 2021/02/16 دادگەی هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو راگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "با رەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ رووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگە و دامەزراوە فەرمییەکان".
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ڕۆژی سێشهممه 2021/2/16 بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگهرانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه تانە لە بڕیارهكە بدهن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسهكهدا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە.
لای خۆمانەوە چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.
گەلی كوردستان ههرگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه له سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگا، سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگا و دادوەرانى بهڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سهروهريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت.
داوا لە ههموو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە ڕەخنەگرتن و له دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نهكهن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سهروهريى یاسا، وا دهكات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆى، دڵنيا نهبێت. با ڕەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ ڕووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان.
نێچيرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
2021/2/18
rudaw -
