پارێزگارى هەولێر لە بەردەم سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا سوێندى یاسایى خوارد

پارێزگارى هەولێر لە بەردەم سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا سوێندى یاسایى خوارد
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، فەرمانى هەرێمى بۆ دەستبەکاربوونى ئومێد خۆشناو وەک پارێزگارى تازەى هەولێر واژۆ کرد و پارێزگارى هەولێر لە بەردەم سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا سوێندى یاسایى خوارد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/2/18، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، فەرمانى هەرێمى بۆ دەستبەکاربوونى ئومێد خۆشناو وەک پارێزگارى تازەى هەولێر واژۆ کرد، ئینجا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى تازەى هەولێر، لە بەردەم سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا، سوێندى یاسایى خوارد.

لە گوتەیەکدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ پارێزگارى تازه‌ى هه‌ولێر کرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، ئاماژەى بەوەش دا کە ئەرکى پارێزگارى هه‌ولێر قورسه‌، به ‌تایبه‌تى له‌م دۆخه‌دا كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و قه‌یران ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ته‌وه‌، جەختیشى لەوە کردەوە کە پارێزگارى هه‌ولێر ده‌بێ پارێزگارى هه‌موو خه‌ڵكى پارێزگاى هه‌ولێر به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ بێت و به‌ یه‌ك چاو سه‌یرى هه‌موو لایه‌نه‌كان بكات.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هەروەها یادى خوالێخۆشبوو پارێزگارى پێشوو د. فه‌رسه‌ت سۆفى کردەوە کە بەهۆى په‌تاى كۆرۆناوه‌ کۆچى دوایى کرد، پرسە و سەرەخۆشى لە هەموو ئەو خێزانانەش کرد کە بەهۆى ئەو په‌تایه‌وه‌، ئازیزانیان لە دەست داوە، هه‌روه‌ها پارێزگارى شەهید خوالێخۆشبوو فرەنسۆ هەریریشى بەبیر هێنایەوە کە ئەمڕۆ 18ى شوبات، یادى شەهیدبوونیەتى.

نێچیرڤان بارزانى، ئومێد خۆشناوى دڵنیا کردەوە كه‌ هه‌موو هاریكارى و پشتگیرییه‌كى خۆیان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت و بتوانێت به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ت به‌ پارێزگاى هه‌ولێر و هاووڵاتییان بكات.









باسنیوز
Top