وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لێکۆڵینەوە لەهێرشەکەی هەولێر بەردەوامە و رێگریمان لەپێشە

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لێکۆڵینەوە لەهێرشەکەی هەولێر بەردەوامە و رێگریمان لەپێشە
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەهاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لێکۆڵینەوەکان لەهێرشەکەی شەوی 15ی ئەم مانگەی سەر شاری هەولێر بەردەوامی هەیە و ئاستەنگیان لەبەردەمە بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنەی هێرشەکانی ئەنجامداوە.

بەبڕوای ئێمە لەدیاریکردنی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە ئاستەنگی هەیە

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، واشنتن بەشێوەیەکی پێشوەختە ناوی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە لەگەڵ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکان ئاشكراناکات، "بەبڕوای ئێمە لەدیاریکردنی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە ئاستەنگی هەیە".

وەڵامدانەوەی هێرشەکە بەهەماهەنگی تەواو دەبێت لەگەڵ عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لەکورد و حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە دیاریکردنی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە و وەڵامدانەوەی هێرشەکەش بەهەمانشێوە بەهەماهەنگی تەواو دەبێت لەگەڵ عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لە ناو فڕۆکەخانە بوەتە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربونی پێنج کەسی دیکە

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێرشە موشەکییەکەی شەوی 15ی ئەم مانگە هەمان شێواز و تەکنیک بوە کە لە هێرشی پێشوی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکار هاتوە و لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بوەتە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربونی پێنج کەسی دیکە.



خەندان
Top