پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی(٦٨) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان
بەڕێزان/سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لاوانی دیموکراتی كوردستان..
لە (٦٨)ەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و كادیر و ئەندامانی رێكخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم لاوانی كوردستان دەكەین، ئاواتەخوازین وەك بارزانی نەمر فەرموویەتی: لاوان شوورەی پۆڵایینن، بۆ لەمەودواش بەوپەڕی دڵسۆزیەوە كاروبار و چالاكییەكانتان رابپەڕێنن و رۆڵی بەرچاو و كاریگەری خۆتان ببینن و، لە هەوڵ و كۆششەكانتان سەركەوتوو بن و دەسكەوتی زیاتر بۆ توێژی لاوان و كۆمەڵگەكەمان بەدەست بێنن.
یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، رێكخراوێكی دێرین و گرنگی كۆمەڵگەكەمانە، رۆڵی كاریگەری ھەبووە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و لە ئێستاشدا بە ھەمان گیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانە بەردەوامە لە كۆكردنەوە و پەرەپێدانی هێز و تواناكانی سەرجەم لاوان و رەخساندنی زەوینە و پانتایی كار و چالاكییەكانیان و پشتیوانیكردنی خواست و ویست و بەهرەكانیان و پێگەیاندنی سەركردەو كادیر و كەسایەتی لێهاتوو بۆ خزمەتكردنی وڵات و گەلەكەمان، هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش رۆڵی شیاوی خۆی بینیوە بۆ خزمەتكردنی خواست و ویست و ئامانجە رەواكانی لاوان.
لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا، ئەركی سەرشانی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بە گشتی و توێژی لاوانە بەتایبەتی، کە بەگیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتمانپەروەرانەوە لە هەوڵ و كۆششەکانتان بەردەوام بن بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەمان.
جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ ئێوە و یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ بن و بەرەوپێش بچن بۆ بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانی لاوانی ئازیزی کوردستان.
لە ١٨ـی شوباتدا، سڵاو لە (٦٨) ساڵ خەباتی نەپساوە و، (٦٨) ساڵ تەمەنی پڕ شکۆ و بەخششی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨ـی شوباتی ٢٠٢١
