عەلی: شۆڕشی ئیسلامی توانی ئێران بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو

  عەلی: شۆڕشی ئیسلامی توانی ئێران بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەجەنگی دوەمی جیهانیدا ئێران وڵاتێک بوە کە توانای خۆراگری بەرامبەر هێرشەکانی بریتانیا و وڵاتانی دیکە نەبوە، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی وڵاتەکەی لەساڵی 1979، رێگریانکرد لەهێرشی وڵاتان و ئێستا بونەتە یەکێک لەوڵاتە پێشکەوتوەکان لەبواری زانستی و سەروەری خاکەکەی لەدەستی خۆیدایە.

دوای شۆڕشی ئیسلامی چەند وڵاتێک 8 ساڵ بەناوی سەدام دژی ئێران جەنگان و نەیانتوانی هیچ شتێک بەدەستبهێنن

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەپەیامێکدا کە لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە، لەکاتی جەنگی جیهانی دوەمدا ئێران بەرامبەر هێرشەکانی بریتانیا و وڵاتانی دیکە نەیتوانیوە ماوەی چەند کاتژمێرێک خۆراگریی بکات، بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی "ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت، فرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا..هتد، 8 ساڵ بەناوی سەدام دژی ئێران جەنگان و نەیانتوانی هیچ شتێک بەدەستبهێنن".

شۆڕشی ئیسلامی توانی ئێران بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی پێشکەوتو و رێزلێگیراو

ئاماژەی بەوەشکردوە، "شۆڕشی ئیسلامی توانی ئێران لەوڵاتێکی دواکەوتوە لەسەر ئاستی جیهان و شوێنکەوتوی وڵاتانی زلهێزەوە بگۆڕێت بۆ یەکێک لە 10 دەوڵەتە پێشکەوتوەکانی جیهان لەبواری زانستی، هەروەها ئێرانی کرد بەوڵاتێکی سەربەخۆ و رێزلێگیراو".

لێدوانەکەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتێکدایە ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی هەوڵدانی ئەو وڵاتە بۆ بون بەخاوەن چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە ئابڵوقەیەکی سەختی ئابوری خراوەتەسەر ئێران، بەوهۆیەش توانای حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان، بانکەکان و وڵاتانی جیهان سنورداربوە و بەقۆناغێکی سەختی ئابوریدا تێپەڕدەبێت.









خەندان
Top