ئەمڕۆ 68مین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانە
لە هەمان ساڵدا ڕێکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانیش دامەزراوە، ئەو دوو ڕێکخراوە لە مێژووی تێکۆشانیاندا وەک دوو ڕێکخراوی کاریگەری ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ئەژمار دەکرێن و ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە خەباتی کوردستاندا گێڕاوە و لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا و بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا دەوری بەرچاوین هەبووە.
ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان هەتا ئێستا ١٤ کۆنگرەی بەستووە و لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئەرکی ئەم دوو ڕێکخراو قورس بووە و لە کاتی ئاوارەیی و دەربەدەری و قۆناغە سەختەکانی خەباتدا ڕۆڵی کارایان گیڕاوە.
لە کاتی نزیکبوونەوەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، یەکێتیی قوتابیان لە دەڤەری زاخۆ ڕێکخراوی "شیرین"یان دامەزراند و لە پارێزگای هەولێریش ڕێکخراوی خەباتیان دامەزراند.
لە ٢٦ی گوڵانی ساڵی ١٩٧٦ کاتێک مژدەی درێژەپێدانی شۆڕش ڕاگەیەندراو، لقی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە چڕی دەستیان بە چالاکی کردەوە و لە کاتی ئاوارەییدا لە شاری کەرەجی نزیکی تاران جارێکی تر یەکێتیی قوتابیان دەست بەکار بووەوە.
لە دوای ساڵی ١٩٧٩ هەلێکی نوێ بۆ هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕەخسا و لە ٢٣ی ئازاری هەمان ساڵ کۆنفرانسی خۆیان لە شاری کەرەج بەست هەرچەند ئەو دوو ڕێکخراوە بە هۆکاری سیاسی لێک دابڕاون، بەڵام بە درێژایی مێژوو هیچکامیان لە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی کورد دانەبڕاون و لەناو توێژی قوتابیان و لەناو زانکۆ و خوێندنگەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا دەوری کارایان گێڕاوە.
پاش ساڵی ١٩٩١ و دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم دوو ڕێکخراوە لەناو لاوان و قوتابیانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی جدی و کارا کاریان کردووە و گەلێک لاوی بەئەزموون و کاریگەر و سیاسەتەمداری بەرچاو لەناو ئەو دوو ڕێکخراوە و پێ گەیشتوون و خزمەتی دۆزی ڕەوای کوردیان کردووە.
باسنيوز
