هاوڕێیەکی ئەو گەنجە کوردەی لە ئەڵمانیا کوژرا، چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە: 12 چەقۆی لێدرابوو

هاوڕێیەکی ئەو گەنجە کوردەی لە ئەڵمانیا کوژرا، چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە: 12 چەقۆی لێدرابوو
تەرمی سەهەند شێرزاد عوسمان ئەمڕۆ لە بەرلین رادەستی باڵیۆزخانەی عێراق کرا و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

سەهەند گەنجێکی 27 ساڵی خەڵکی سلێمانی بوو، سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 9ی شووباتی 2021 لە شوقەکەی خۆی لە بەرلین بە 12 چەقۆ کوژرا.

سەهەند شێرزاد عوسمان ماوەی شەش ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، لەگەڵ دوو پەنابەری سووری و عێراقیدا دەژیا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پۆلیسی بەرلین داوە، ئەو کەسەی سەهەندی کوشتووە، خەڵکی عێراقە، عەرەبە و تەمەنی 33 ساڵە. پۆلیس دەڵێت "رۆژی سێشەممە 09-02-2021 کاژێر 09:30 خولەک کەسێک پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کرد، بەپەلە گەشتینە شوێنی رووداوەکە کە لە شەقامی سینسگوت بووە، هەوڵدرا ژیانی لە مردن رزگاربکرێت، بەڵام نەتوانرا هاوکاری بکرێت و هەر لەوێ گیانی لەدەستدا".

ئەو کەسە عێراقییەش کە تۆمەتبارە بە کوشتنی سەهەند، دەستگیرکراوە، ئێستا کەیسەکە لای داواکاری گشتییە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری کوشتنەکە.

هاوڕێیەکی سەهەند چیرۆکی کوشتنەکەی بۆ رووداو بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە "سەهەند لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا کە سووری و عێراقی بوون، لە شوقەکەی دەژیا. شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە پەنابەرە سوورییەکە میوانێکی دەبێت، کە ئەویش خەڵکی سووریا دەبێت. رۆژی سێشەممە پەنابەرە سوورییەکە زۆر زوو دەچێتە سەر کار، کاژێر هەشت میوانەکەی گوێی لە هەرا و دەنگەدەنگ دەبێت، کاتێک دەچێت تاماشا دەکات، دەبینێت پەنابەرە عێراقییەکە چەقۆی خوێناویی بەدەستەوەیە و سەهەندیش لەناو خوێندا لەسەر جێگاکەی لە ژوورەکەیدا دەتلێتەوە".

لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا، ئەو هاوڕێیەی سەهەند دەڵێت "بکوژە عێراقییەکە هاوار دەکات و دەڵێت، بڕۆ تاوەکو تۆشم نەکوشتووە. پەنابەرە سوورییەکە تەلەفۆن بۆ هاوڕێیەکی دەکات و دەڵێت، من ئەڵمانی نازانم، تکایە پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکە و بینێرە بۆ ئەم ناونیشانە. کاتێک کاژێر 09:30 خولەک پۆلیس دەگاتە شوقەکە، سەهەند 12 چەقۆی بەرکەوتووە و خوێنی زۆری لێڕۆشتووە، هەر لە شوێنی خۆشیدا گیانی لەدەستداوە.

بڕیارە سبەینێ لە مزگەوتێکی شاری بەرلین نوێژی مردوو لەسەر تەرمی سەهەند بکرێت و پاشان بەرەو کوردستان بەڕێبکرێتەوە.

هاوڕێکەی سەهەند دەڵێت، ئەو کەسێکی زیرەک و لێهاتوو بووە، هەمێشە هەوڵی کاری داوە، هاوکاریی زۆر لە پەنابەرانی کردووە، زمانی ئینگلیزیی بە باشی زانیوە و خۆی فێری زمانی ئەڵمانی کردبوو، هەرچەندە مافی پەنابەریی نەبوو، بەڵام هەرگیز دانەدەنیشت و بەردەوام کاری دەکرد و چالاک بوو.
rudaw -
Top