'دڵشادبوونی' خوێندکار یەکێکە لە پێوەرەکانی ریزبەندیی نیشتمانیی زانکۆکانی کوردستان

'دڵشادبوونی' خوێندکار یەکێکە لە پێوەرەکانی ریزبەندیی نیشتمانیی زانکۆکانی کوردستان
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حەوت پێوەری بۆ دیاریکردنی ریزبەندیی نیشتمانیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان داناوە کە یەکێکیان بریتییە لە "رازیبوونی/دڵشادبوونی قوتابی/خوێندکار".

بە گوتەی ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەو حەوت پێوەرە بریتین لە "دەستەی وانەبێژان (ستافی ئەکادیمی)، توێژینەوەی زانستی، چالاکیە زانستییە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان (ناوخۆکان)، رازیبونی (دلشادبونی) قوتابی/خوێندکار، دڵنیایی جۆری، چالاکیە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان و کتێبخانە"، وەزیرەکە دەڵێت "هەوڵمانداوە گۆڕانکارى لە پێوەرەکان بکەین بەشێوەیەک کاریگەرىی هەبێت لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و کوالێتیى خوێندن لە هەرێمى کوردستان".

قسەکانی د. ئارام محەممەد قادر لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا بوو کە رۆژی چوارشەمە 17ی شووبات بەڕێوەچوو، تێیدا "سوپاسى لیژنەى پێشووى ریزبەندیى نیشتیمانیى کرد بۆ کار و ئەرکەکانیان لە ماوەی رابردوو، کە ریزبەندیی نیشتمانی توانیی گۆڕانکاریی بەرچاو لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ ئەنجامدانى پێشبڕکێى زانستى لەنێوان زانکۆکانی کوردستان".

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند "لەژێر رۆشنایی روئیا و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوەمان بە پێوەرەکان کردووە، بەتایبەت توێژینەوەی زانستی و چالاکییە زانستییە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان و بەشداریی زانکۆ لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگە، چونکە زانیارییەکانى ریزبەندیی نیشتمانی بەکاردەهێنین بۆ توێژینەوەی زیاتر لەبارەى سێکتەرى خوێندنی باڵای کوردستان". گوتیشى "دەخوازین هەمووان بەیەکەوە بتوانین کار بۆ پتەوکردنی سێکتەرى خوێندنی باڵا و بەهێزکردنی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان بکەین".

د. ئارام محەممەد دووپاتیکردەوە "سەرجەم پێوەر و بنەماکانى تایبەت بە ریزبەندى لەسەر وێبسایتى نوور بڵاودەکرێنەوە بۆئەوەى زانکۆکان ئاگادارى سەرجەم وردەکارییەکان بن.. بۆ ئەمساڵ راگەیاندنى ئەنجامەکان بەشێوەى گرووپ نابێت، بەڵکو یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆکان دیارىدەکرێت".

وەزیری خوێندنی باڵای باسی لەوەش کرد "مەبەستمانە ئەم پرۆسەیە وەکو یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانى وەزارەت بە سەرکەوتووىی و دوور لە دەستتێوەردان و کاریگەریی هیچ کەس و لایەنێک ئەنجامبدەین و پێوەر و بنەماکان سەنگى سەرەکى بن بۆ سەرکەوتنى تەواوى پرۆسەکە لەپێناو کوالێتییەکى باش بۆ سەرجەم دامەزراوەکانمان لە هەرێمى کوردستان".

هەروەها د. محەممەد حوسێن ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى ئاماژەى بە گرنگترین پێوەر و بنەماکانى ریزبەندیی نیشتمانیى زانکۆکانى کوردستان کرد بۆ ئەمساڵ کە بۆ پۆلێنکردنى زانکۆکان پەیڕەودەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە زانکۆکان کرد هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵیان بۆ سەرکەوتنى ئەو پرۆسەیە.
rudaw -
Top