راگەیاندنی ئاستانە دژایەتی هەنگاوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات
بەپێی راگەیێندراوی كۆتایی وڵاتانی گەرەنتیکار لە دانوستاندنەكانی ئاستانە كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی شووباتی 2021 بڵاویانکردەوە، "رووسیا، توركیا و ئێران دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی داهاتی نەوت لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا سەركۆنە دەكەن و جەختیش دەكەنەوە کە نەوتی سووریا تەنیا بۆ كۆماری عەرەبیی سووریایە".
بەشێکی دیکەی راگەیێندراوی کۆتایی وڵاتانی گەرەنتیکار تایبەتە بە بەڕێوەبردنی بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و هەندێک ناوچەی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە و دژایەتیی خۆی بۆ دووپات دەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وڵاتانی گەرەنتیکار كۆكن لەسەر ئەوەی بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیریی درێژخایەن لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا تەنیا لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەریی وڵات و سەلامەتیی خاكەكەی دەبێت. سەرجەم هەوڵەكانیش بۆ دروستكردنی واقیعێكی نوێ لەسەر زەوی رەتدەکەینەوە، بە دەستپێشخەرییە نایاساییەكانیشەوە بۆ ئۆتۆنۆمی بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سووریشین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی پلانەكانی جیابوونەوە، كە ئامانج لێی نەهێشتنی یەکپارچەیی سووریایە، ئەمەش هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتانی دراوسێ دەكات و دەبێتە هۆی زیادبوونی کارە دووژمنكارییەكان دژی خەڵکی سڤیل".
هاوكات وڵاتانی گەرەنتیکار سەركۆنەی هێرشە سەربازییە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا دەکەن و بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی دەزانن.
رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی ئاستانە لە سۆچی لە رووسیا دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
rudaw -
