کەركووك.. 23 بەرپرس بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرکرا
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكیی عێراق كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17/2/2021 بڵاوی كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی نووسینگەی كەركووكی دەستەی دەستپاكیی عێراق لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك دۆسیەیەكی گەندەڵییان لە لیژنەكانی كڕین ئاشكرا كردووە كە ئەو لیژنانە کەلوپەلی جۆراوجۆریان كڕیوە و دەستكاریی نرخەكانیان كراوە".
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "لەسەر بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، بەپێی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 23 كەسی ناو پەروەردەی كەركووك دەركراوە كە یەكێكیان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی پەروەردەی كەركووكە و ئەو كەسانەی تریش بەرپرس و ئەندامانی لیژنەی كڕینن و تا ئێستا سێ كەسیان دەستگیر كراون".
لەسەر زۆریی دۆسییەكانی گەندەڵی لە كەركووك، جەمال مەولوود، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە غیابی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە كە ئێستا هەڵوەشاوەتەوە و هیچ چاودێرییەك بەسەر حكوومەتی خۆجێی كەركووكەوە نییە، بۆیە گەندەڵی ئیداریی لە كەركووك زۆر بووە و ئەوەی كە دەكرێت لە سایەی راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكە.
باسنیوز
