ئەمریکا و چوار وڵاتی ئەورووپی بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکەن

ئەمریکا و چوار وڵاتی ئەورووپی بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و بەریتانیا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەرکردووە و بە توندی سەرکۆنەیان کردووە کە بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێک و برینداربوونی سەربازێکی ئەمریکی و چەند هاووڵاتییەکی دیکە.

لە راگەیاندراوەکەدا کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لویجی دی مایۆ، وەزیری ئیتالیا و دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە هاوبەشی دەریان کردووە، دەڵێن: "حکوومەتەکانمان بە ئامانجی بە سزاگەیاندنی بەرپرسیارانی هێرشەکە، پاڵپشتیی ئەو لێکۆڵینەوانە دەکەن کە حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەیانکات".

هەروەها لە راگەیانراوەکەدا هاتووە: "ئێمە کۆکین کە چاوپۆشی لە هیچ هێرشێک ناکەین بکرێتە سەر کەس و دامەزراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان".

لە پێوەندی لەگەڵ ئەو هێرشە مووشەکییە بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە 2021/2/16 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر کرا و هەردوولا، هاوخەمییان بۆ قوربانییەکانی هێرشەکە دەربڕی.

لە هەمان کاتدا ئەنتۆنی بلینکن و مستەفا کازمی ئەو هەوڵانەیان تاوتوێ کرد، کە بۆ دۆزینەوەی بەرپرسیارانی هێرشەکەی سەر هەولێر گیراونەتە بەر، بۆ ئەوەی بە سزا بگەیەندرێن.

بلینکن داواشی لە کازمی کرد لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوەکان.

بە گوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کاتژمێر 9:30 شەوی (دووشەممە 2021/2/15)، چەند مووشەکێک ئاراستەی شاری هەولێر و دەوربەری كران و بەر چەند شوێنێک کەوتن. لە ئەنجامدا چەند کەسێک برینداربوون.

دوای ئەم ڕاگەیاندراوەش، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش ئاشكرای كرد كە لە ئەنجامی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر كە مووشەكێك بەر بنكەی هاوپەیمانان كەوتووە، لە ئەنجامدا بەڵێندەرێكی مەدەنی گیانی لەدەست داوە و چواری دیكەش بریندار بوون.





باسنيوز
Top