حكوومەتی فەرەنسا: شانبەشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دانیشتوانی هەولێر دەوەستین
وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر بڵاو کردەوە، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی زیاتر لە هەشت کەس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و گەڕەکەکانی دەوروبەری.
لە بەیاننامەکەی فەرەنسادا هاتووە "فەرەنسا بە توندترین شێوە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر سەركۆنە دەکات، کە بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێک کە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کار دەکات، هەروەها بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە".
وەزارەتە فەرەنسییەکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوەکە دەکات و هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرا بۆ برینداران دەخوازێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە كە فەرەنسا دڵنیایی دەداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دانیشتووانی هەولێر، هاوپەیمانانی ئەمەریکی و هەموو هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، كە شانبەشانیان دەوەستن لەدژی ئەو هێرشە و پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی هەموو عێراقییەکان.
فەرەنسا لە بەیاننامەكەیدا حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هان دەدات بە یەکەوە هەماهەنگ بن بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هەموو عێراقییەکان، هەروەها تاوانبارانی ئەو هێرشە دیاری بکەن.
basnews -
