سیروان بارازنی: شێوازی هێرشەکە هەمان شێوازی پێشووی هێرشەکانی سەر هەولێرە

سیروان بارازنی: شێوازی هێرشەکە هەمان شێوازی پێشووی هێرشەکانی سەر هەولێرە
بەرپرسی میحوەری گوێر-مەخمووری پێشمەرگە دەڵێت شێواز و تەکتیکی هێرشەکەی سەر هەولێر هەمان شێوازی ئەو هێرشانەیە کە پێشتر لە بەری زێی گەورەوە کرانە سەر هەولێر.

شایەتحاڵان دەڵێن ئەو ئۆتۆمبێلەی مووشەکەکانی ئاراستەی هەولێر کردووە لەلایەن هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێکراوە.

ئەو شوێنەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستەکران نزیک مەیدانی ئاژەڵانی هەولێرە و تەنیا حەوت کیلۆمەتر لە هەولێر و فرۆکەخانەکەی دوورە. بۆیە ئەو رۆکێتانەی هاوێژران گەیشتنە جەرگەی هەولێر و نێو فڕۆکەخانە.

یەکێک لە مووشەکەکان بە دووریی 500 مەتر لەنێو مەیدانی ئاژەڵانی هەولێردا کەوتە خوارەوە و دوو برینداری لێکەوتەوە.

رێباز فەریق، شایەتحاڵە و دەڵێت: "حەسارمان لێرەیە و شەوانیش هەر لێرە دەمێنینەوە. لێرەدا مووشەکێک کەوتە خوارەوە. دوو بریندار هەبوون. ئامۆزاکانم یەکێک لە بریندارەکانیان کە سەر و دەستی بریندار بوو گەیاندە نەخۆشخانە. ئێمە نەمانزانی ئەو ئۆتۆمبێلە لە نزیک مەیدانەکەیە. لە کاتی تەقانی مووشەکەکانیشدا گوێمان لە دەنگی گەورە بوو."

ژیان ئاسایی بووەتەوە و کڕیار و فرۆشیارانی مەیدانی ئاژەڵان وەک رۆژانی دیکە کار دەکەن.

جەلال شینە، کڕیار و فرۆشیاری ئاژەڵە و دەڵێت: "ئێستا دۆخی نێو مەیدانی ئاژەڵان زۆر باشە و ئاسایی بووەتەوە. ئێمە حەسارەکەمان نزیک بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکمان نەبوو."

لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێرشە مووشەکییەکە بەردەوامن، بەڵام بەرپرسانی سەربازیی هەرێمی کوردستان پێیانوایە هێرشەکە هاوشێوەی هێرشەکەی نزیکەی پێنج مانگ لەمەوپێشی سەر فڕۆکەخانەیە.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێر-مەخمووری پێشمەرگە راگەیاند: " دیار نییە لەوێ بە پارچەپارچە هاتووە یان نا، چونکە ئۆتۆمبێلەکە ئاسایی بووە و دەتوانیت مووشەکەکانی لەسەر ببەستیت. شێواز و تەکتیکی هێرشەکە هەمان شێوازی مووشەکەکانی پێشووە کە لەوبەری زێی گەورەوە ئاراستەکران. مووشەکەکانی پێشتر گەورەتر بوون و لە جۆری گراد بوون، بەڵام ئەوەی ئەوجارە کاتیۆشای 107 ملیمەتری بوو."

بە گوتەی هاوپەیمانان 14 مووشەک ئاراستەی هەولێر کراون کە سێ مووشەک لە فڕۆکەخانە کەوتوونەتە خوارەوە. چوار مووشەکیش کەمتر لە کیلۆمەترێک دوورتر و لەناو ناوچەیەکی پڕهاتووچۆی شەوانەی هەولێر کەوتنە خوارەوە.

سەباح محەممەد، شایەتحاڵە و دەڵێت: "لێرەدا وەستابووین، 50 مەترێک لە ئێمەوە دوور بوو. مووشەکەکە لێرەدا بەر زەوی کەوت و تۆز و دووکەڵی زۆری هەبوو. ئێمەش دوای ئەوە هاتین و لێرە نووسیمان بژی کوردستان. ئێستایش دۆخەکە ئارامە و هیچ لە گۆڕێ نییە."

لە سەرەتای 2020ـەوە تا ئێستا ئەوە سێیەم جارە هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

مانگی یەکی 2020 مووشەکە ئێرانییەکان گەیشتنە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە 2020/09/30ـدا شەش مووشەک لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیەوە لە دەشتی نەینەواوە ئاراستەکران و لە نزیک فڕۆکەخانە کەوتنە خوارەوە.

گرووپی سەرایای ئەولیای دەم کە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە لە دووەمین راگەیێندراویدا هێرشە مووشەکییەکەی وەک پەیامێک بۆ ئەمریکییەکان ناو بردووە بەوەی لە هەرێمی کوردستانیش پارێزراو نین.
rudaw -
Top