كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ ئیدانەی ھێرشە مووشەكییەكانی سەر ھەولێر دەكات

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ ئیدانەی ھێرشە مووشەكییەكانی سەر ھەولێر دەكات
كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ له‌ عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ئیدانەی ھێرشە تیرۆریستییەكەی سەر شاری ھەولێری كرد.

كۆمسیۆن ناوبراو لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستییەی سەر پارێزگای ھەولێر دەكەین، كە بەداخەوە بووە ھۆی كوشتن و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی سیڤیل".

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "لەگەل ئەوەی كۆمسیۆن ئیدانەی ئەو كارە تیرۆریستییەی دژ بە ھەولێر دەكات، ھاوكات داوا لە حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی ھەرێم دەكات، بەداواداچون و راونانی ئەنجامدەرانی ئەو كارە بكەن و رادەستی دادگایان بكەن و رێكار و پلانە ئەمنییەكان بەھێزتر بكەن، لە پێناو پارێزگاریكردن له‌ خەڵكی سیڤیل".

بەپێی راگەیاندراوەكە، كۆمسیۆن ھاوخەمی خۆی بۆ خانەوادەی قوربانیان دەربڕی و ئۆمێدی چاكبوونەوەی بەپەلەی بۆ برینداران خواست.
k24 -
Top