کۆنسوڵخانەی چین: هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر هەولێر بەرز دەنرخێنین

کۆنسوڵخانەی چین: هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر هەولێر بەرز دەنرخێنین
کۆنسوڵخانەی چین راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر هەولێر بەرز دەنرخێنن.

لە راگەیێندراوەکەدا، کۆنسوڵخانەی چین بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی 15ی شووباتی 2021ی سەر هەولێری کردووە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی بۆ خێزانی قوربانیان دەربڕیوە.

کۆنسوڵخانەی چین لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "ئێمه‌ دژی هه‌موو كردارێكی تووندوتیژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بكاته‌ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستانی عێراق؛ هه‌وڵه‌كانی یه‌كه‌ كارگێڕییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌نرخێنین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ خێرایه‌كه‌یان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه‌ بە شێوازێكی گونجاو له‌پێناو پاراستنی هاوڵاتیان و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌لامه‌تیی هه‌موو نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان".

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کردووە، هه‌موو كارمه‌ندانی كۆنسوڵگه‌ریی گشتیی چین سه‌لامه‌تن.

شەوی دووشەممە 15ی شووباتی 2021 کاژێر 21:30 چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەولێر کەوتنەخوارەوە. یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتری کەوتووەتە خوارەوە.

گرووپێکی میلیشیا بەناوی "سەرایای ئەولیای دەم" بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە مووشەكییە راگەیاند كە شەوی رابردوو هەولێری كردە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، "سەرایا ئەولیای دەم" چەند مانگێکە دامەزراوە و خۆی بە گرووپێکی چەکداریی دژبەری ئەمریکا لە عێراق ناودەبات، هاوکات چاودێران بە پاشکۆی حیزبوڵڵای عێراقی ناودەبەن.

شێوازی هێرشەکانی ئەم گرووپە، کە لە ماوەی رابردوودا چەندینجار هێز و کاروانەکانی گەیاندنی هاوکاریی لۆجستی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووەتە ئامانج، لەگەڵ گوتار و راگەیێندراوەکانی زۆر لە شێوازی هێرش و گوتاری ئەو گرووپە چەکدارانە دەچێت، کە بە هاوپەیمانی ئێران لە عێراق ناودەبرێن.

لە نوێترین راگەیێندراویشیدا، ئەو گرووپەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە مووشەکبارانی هەولێری کردووە، راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداریی ئەوە دەدات کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەولێر مووشەکیان هەڵگرتووە و هەرکاتێک ویستیان دەتوانن بەکاریبهێنن.

بەپێی راگەیێندراوی گرووپەکە کە ناویان "سەرایا ئەولیای دەم"ە، ئەوان دەیانتوانی و دەشتوانن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکەنە ئامانج، بەڵام دەڵێن ئەوان "دۆستی خەڵکی هەرێمی کوردستانن"، بۆیە خەڵکی مەدەنی ناکەنە ئامانج. دەشڵێن، ئەوان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئوتێل و شەقامەکانی هەولێر بوونیان هەیە، دەتوانن کردەی سەربازی ئەنجامبدەن، بەڵام ئەو کارە ناکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لە قوربانییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو هاووڵاتیی مەدەنی بوون و بەشێک لە مووشەکەکانیش لە شوێنی نیشتەجێبوون کەوتوونەتەوە.
rudaw -
Top