مه‌حموود عوسمان: هەولێر سەنتەری سیاسیی كوردستانە بۆیە ده‌كرێته ئامانج
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 16/2/2021، دكتۆر مه‌حموود عوسمان، سیاسه‌تمه‌دار و شرۆڤه‌کاری سیاسیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ”ئه‌م هه‌موو گرفته‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان دروست ده‌کرێت، روونه كه وڵاتێکی هه‌رێمییه و له رێگه‌ی ڕاسپێردراوهكانییهوه کار ده‌کات بۆ لاوازکردنی هه‌رێمی کوردستان و ده‌یانه‌وێت ململانێی خۆیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێز بهێننه ناو هه‌رێمی کوردستانەوە“.
مه‌حموود عوسمان، پێی وایه هێرشه‌كه بۆ به‌ئامانجگرتنی بنکه‌کانی ئه‌مریکا بووه له هه‌ولێر، "به‌شێکیان به‌ئامانج گیراون و به‌شێکیان له ئامانجیان نه‌داوه".
ئه‌و سیاسەتوانەی هەرێمی كوردستان، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كا كه به ئەنقەست هه‌ولێر بۆ به‌ئامانجگرتن هه‌ڵبژێردراوه، "ده‌یانه‌وێت هه‌ولێر وه‌کوو ناوه‌ندی سیاسی و جێی بڕیاری سیاسی بکرێته ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یام به هه‌رێمی كوردستان بده‌ن به‌وه‌ی به‌ره‌و هیچ به‌ره‌یه‌ک نه‌ڕوات“.
مه‌حموود عوسمان، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه تا ئێستا دوو گرووپ بە ناوەكانی (ئه‌سحابولکه‌هف و وه‌لائیی ده‌م)، بانگەشەی هەبوونی دەست لەو هێرشە دەكەن، ئەم جۆرە گرووپانە دیارن سه‌ر به چی وڵاتێكن و به ئاشکرا باس له تۆڵه‌کردنه‌وه ده‌که‌ن، ”ئه‌مریکاش تووڕه‌یه و ده‌شزانێت کێیه و چۆن ئه‌و كاره کراوه؟“.
مەحموود عوسمان داوا دەكات کورد لە نێو خۆیدا یه‌ك بگرن و کوردستانییان کۆببنه‌وه و په‌یامێکی روون بده‌ن و کوردستان له تۆڵه‌کردنه‌وه بپارێزرێ، ده‌شبێ به ئه‌مریکا و مسته‌فا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بگوترێت و لێی بپرسرێ ئه‌م كاره چییه ڕوو ده‌دا؟ له كاتێكدا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌زانێ كێ ئه‌و كارانه‌ی كردووه؟.
باس‌نیوز
