لە کەرکووک 168 دۆنم زەویی وەزارەتی دارایی داگیر کراوە
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی دەستەی دەستپاكیی عێراق كە ئەمڕۆ سێشەممە 16/2/2021 بڵاو كراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "نووسینگەی كەركووكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، دوای كۆكردنەوەی زانیاری، توانیویانە دۆسیەیەكی دەستبەسەرداگرتنی پارچە زەوییەك لە كەركووك ئاشكرا بكەن كە موڵكییەتی زەویەكە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە و ئەو پارچە زەوییەش لەلایەن چەند كەسێكەوە بەڵگەنامەی ساختەی بۆ دەركرابوو و دەستی بەسەردا گیرابوو".
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "ئەو زەوییەی كە دەستی بەسەردا گیراوە، 168 دۆنمە و زەوییەكانیش پارچەپارچە كراوە و بۆ ئەوەی بكرێتە شوێنی نیشتەجێبوون و هەر پارچەی بە هەشت ملیۆن دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشن و كۆی زەوییەكە بە 15 ملیار دینار دەخەملێندرێت".
بەپێی زانیارییەكان لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەی 2017ەوە ئەوە چەندین جارە لە كەركودك بە بەڵگەنامەی ساختەەوە دەست بەسەر زەویوزاری و موڵکی حکوومەت گیراوە و پاشان فرۆشراوە بە هاووڵاتییان و کە لە زۆربەیاندا دەستی بەرپرسانی ئیدارەی سەپێندراوی كەركووكی تێدایە.
لەمبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە 16/2/2021، جەمال مەولوود، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "بابەتی گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی زەوی بە شێوەی ناشەرعی لە كەركووك زۆرە و ئەوەش كە دەكرێت لە غیابی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە كە پەرلەمانی عێراق بە فیتی سەرۆكی پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگاكانیان لە عێراق هەڵوەشاندنەوە بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان و ئێستا لە كەركووك و شارەكانی تری عێراق پارێزگار هیچ دەزگایەكی چاودێری بەسەرەوە نییە، بۆیە گەندەڵیش زۆر بووە".
گوتیشی: "راكان جبووریش بەهۆی ئەوەی هیچ دەزگایەكی چاودێری بەسەر كارەكانییەوە نییە، بۆیە بە ئارەزووی خۆی ئەوەی بیەوێت دەیكات و لە سایەی ئەوەوە گەندەڵیی ئیداریش زۆر بووە".
باسنیوز
